کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سانسۆری هەواڵ و شاردنەوەی ڕاستییەکان؛ کێشەی کارەبا و جیاوازیی چینایەتی

11:50 - 24 بانەمەڕ 2725

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فەرهیختگان بە هۆی ئاشکراکردنی هەندێ زانیاری و خستنەڕووی گەندەڵی و پەرەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە جیاوازیی چینایەتی لە پێوەندی لەگەڵ پچڕانی کارەبادا، لە ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیای ئەم ڕۆژنامەیە سڕدرایەوە.

ڕۆژنامەی فەرهیختگان لە چاپی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵی خۆیدا ڕایگەیاند کە بە هۆی هەڵە لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "کاتی کوژاندنەوەکان جیاوازیی چینایەتی قووڵتر دەکەنەوە" ئەم ڕاپۆرتەی سڕیوەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا فەرهیختگان بە بەڵگە نیشانی دابوو کە پچڕانی کارەبا کە ناوچە جیاوازەکانی تارانی پێتەختی ڕێژیم، جیاوازییەکی ئێجگار زۆری هەیە.

ئەم ڕاپۆرتە ناوچە باشوورییەکانی تاران ٣٢ لەسەدی کوژاندنەوەکان لە خۆ دەگرن کە هەر جار کوژاندنەوە ماوەی ٣ و نیو کاتژمێر دەخایەنێ، لەلایەکی تریشەوە پشکی باکووری تاران لە کوژاندنەوەکان یەک لەسەدە کە لە مانگێکدا ٠.٤ کاتژمێرە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ٧٥ لەسەدی کوژاندنەوەکان لە لووتکەی بەکارهێناندا لە ناوچە پەراوێزخاوەکانی تاراندا ڕوو دەدەن.

ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدا کە بەردەوامیی پچڕانی کارەبا لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی تاران، دەسڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک فێنککەرەوە، ڕاگرتنی ماددە خۆراکییەکان و فێرکاری و پەروەردەی ئانلاینی تێک داوە و درزی کۆمەڵایەتیشی زۆرتر کردووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی بێبەریبوون و پەرەسەندنی نادادپەروەری.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، شیرکەتی کارەبای ڕێژیم ڕایگەیاند کە لەمەبەدوا، پچڕانی کارەبا لە تاران بە شێوەی دادپەروەرانە و بە بێ هەڵاوادن دەبێ.

قەیرانی نەبوونی کارەبا ئێستا یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی خەڵک لە ئێرانە و میدیاکانی ئێران بە سانسۆری هەواڵە پێوەندیدارەکان هەوڵ بۆ شاردنەوەی هەڵاواردن و ستەمی سیستماتیک دژی خەڵک دەدەن.