کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوای باوکی شەهیدێکی کوردستان لە ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت

12:30 - 24 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مام عەلی زێنێ خەڵکی گوندی گومان ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا و بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کوڕێکی مام عەلی بە ناوی ئیبراهیم ئیبراهیمی ناسراو بە برایم گومانی لە ڕیزی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە.

شەهید برایم لە ڕۆژی ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاویدا، لە کاتی پەلاماربردنە سەر  سەنگەرەکانی مۆڵگەی ڕێژیم لە گوندی سیسێر، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگەکە، لە کاتێکدا کە نارنجۆکی دەستی هەڵ دەدایە نێو سەنگەری دوژمن بەداخەوە پێکرا و بەسەختی بریندار بوو.

 ناوبراو دوای چەند کاتژمێر بەربەرەکانێ لەگەڵ برینی قورسی جەستە، چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەوە.

شەهید برایم یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و سەنگەرشکێنەکانی مەیدانی خەباتی چەکداری بوو.

مام عەلی کەسێکی کوردپەروەر و بەهەڵویست بوو کە بەپەرۆشەوە لەپێناو ڕێگا و ڕێبازی ڕێبوارانی کۆڕە شەهیدکەی تێدەکۆشا.

مام عەلی بەهۆی هەڵویست و کوردپەروەری و هەبوونی کوڕەکەی لە ڕیزەکانی حیزبدا بەردەوام لەژێر هەڕشە و گرتن و ئەزیت و ئازاری جنایتکاراندا بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.