
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کێشەی کارەبا و پچڕانی بەردەوامی، زیانێکی زۆری بە بەشی ئابووریی خەڵک گەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکان پچڕانی کارەبا لە ڕادەبەدەرە و بەم هۆیەوە خەڵک ناچارن بە کڕینی ماتۆڕی کارەبایی قەرەبووی نەبوونی کارەبا بکەنەوە کە ئەمەش تێچوویەکی زۆری بۆ خەڵک هەیە.
دەوترێت ماتۆڕێکی کارەبایی کە تەنیا چەند ئامپێڕ کارەبا بە ماڵان دەدات بە نرخی زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن تمەن دەکڕدرێت و جووتیارەکانیش بۆ پێداویستییەکانی خۆیان دەبێ زیاتر لە ٣٠٠ میلیۆن تمەن بۆ کڕینی ماتۆڕی کارەبایی خەرج بکەن.
بە وتەی بەرپرسانی ئیدارەی کارەبای بۆکان، پچڕانی کارەبا لەم شارەدا بۆ نیوەی ڕۆژ بەرز دەبێتەوە، واتە لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا ١٢ کاتژمێر کارەبایان پێ دەدرێت.
جیا لە کیشەی کارەبا، نەبوونی ئاویش بووەتە کێشە و ناوەبەناوە، ئاوی گەڕەکەکان دەبڕدرێت و خەڵک ناچارن بۆ قەرەبووی کەم ئاوی، بە تاکێر ئاو بکڕن.
نەبوونی ئاو و کارەبا وەک پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، خەڵکی تووشی کێشە کردووە و جیا لە تێکدانی شێوەی ژیانیان، تێچووی زۆری ئابووریشی بۆ خەڵک بە دواوە بووە، لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کیشەکە هەڵناگرن.