
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، سێمیناریک لەژێر ناوی ''پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە معادڵاتی نێودەوڵەتی'' لەلایەن ناوەندی پەرەوەردەی حیزبی دێموکراتەوە بۆ کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێک خرابوو کە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و لەلایەن کاک هیوا میرزاییەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.
کاک خالید عەزیزی سەرەتای باسەکەی بە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و چونیەتیی شکڵگرتنی نەزمی جیهانی لە سەدەی بیستەم و قۆناغەکانی شەڕی یەکم و دووهەمی جیهانی و قۆناغەکانی شەڕی سارد و جیهانی دوو جەمسەری دەست پێ کرد.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات باسی لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی شەڕی شارد کرد کە لە بەرەی دژ بە ئەمریکادا هەڵوێستی گرت و لە بلۆکی ڕۆژهەڵات نزیک بووە. باسی لەوە کرد پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر واقعییەتی نەزمی جیهانی دەڕواتە پێش و دنیای ئەمڕۆ بە شێوەی دوو جەمسەری نەماوە و نەزمی جیهانی بەبێ ئەمریکا جێبەجێ نابێت.
ناوبراو وتی کە ئێران لە موناسباتی نێودەوڵەتیدا دەبێتە پاشخانی ئەمریکا و ئامریکاییەکانیش جۆریک لەگەڵ ئێران هەڵسوکەوت دەکەن کە بتوانن زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە. سیاسەتی هەمیشەیی ئەمریکا گۆڕینی هەڵسوکەوتی ئێران بووە و ئەو چاوەڕوانییەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی نیزامی بکەنە سەر ئێران شتیکی هەڵە بووە و دروست نییە.
بەڕێز عەزیزی وتی کە ڕێژیمی ئێران لە معادڵاتی نێودەوڵەتیدا چەند کارتی وەک بەرنامەی ناوکی و گرووپە نیابەتییەکانی لەبەر دەستە و ئەوەش وای کردووە ئەمریکا جۆریکی دیکە لەگەڵی تەعامول بکات.
کاک خالید لە درێژەی قسەکانیدا لە بابەت پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوازێک هەوڵی داوە بزووتنەوەی کورد بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەنێو ببات، بەڵام نەیتوانیوە. ئەوەیکە لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات لەلایەن خەڵکەوە چالاکیی بەرینی جەماوەری لە بوارە جۆارجۆرەکاندا بەڕێوە دەچێت، گەورەترین کارتی ئێمەیە و کورد بە جوانی دەری خستووە کە ئاوا بە ئاسانی نادیدە ناگیرێت.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوە کرد کورد لە ئێران دەتوانێ کارتێکی گرینگ بێ لە دێموکراتیزەکردنی ئێران و لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانشدا دەبێ لە ڕێگەی لابی و وتووێژ لەگەڵ لایەنەکانی ئێرانی خۆی بەهێز بکات و کاریگەری دابێنێت.
سێمینارەکە بە پرسیار و تێبینی بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن کاک خالیدەوە کۆتایی پێهات.