
ئەحمەد شەرع ڕێبەری نوێی سووریە، لە یەکەمین قسەکانی خۆی پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ و لابردنی هەموو گەمارۆکانی سەر سووریە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە دەبێتە نیشتمانێک بۆ ئاشتی.
ئەحمەد شەرع ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، لە وتارێکی تایبەتدا لە تلویزیۆنی سووریەوە وتی: "داهاتووی ڕوونی سووریە هەر لە ئەمڕۆوە دەستی پێ کردووە".
ناوبراو زیادیشی کردووە کە ڕێگە بە لێکترازانی سووریە نادات و لەمەبەدوا ئەم وڵاتە نابێتە گۆڕەپانی شەڕ.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ و لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان، دۆناڵد ترامپ لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ڕیاز، لابردنی هەموو گەمارۆکانی سەر سووریەی ڕاگەیاند.
خەڵکی سووریە پاش بیستنی ئەم هەواڵە ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕەزایەت و دڵخۆشیی خۆیان لەم هەواڵە دەربڕی.
سووریە ساڵانێک بوو کە لە ڕێگەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و بە یارمەتیی سیاسەتە ناڕاستەوخۆکانی کۆماری ئیسلامی، ببوە گۆڕەپانی شەڕ و وێرانی.
ئەسەد بە یارمەتیی تاران بۆ مانەوەی خۆی تاوانگەلێکی بێ ئەژماری وەک هێرشی کیمیایی بۆ سەر خەڵکی خۆی و لەسێدارەدان و بەندکرانی سەدان هەزار ناڕازی لەم وڵاتەدا ئەنجام دا.
ئەحمەد شەرع لەم وتارەدا بە ئاماژەدان بە تێپەڕکردنی ڕێژیمی ئەسەد وتی: "سووریە لە سەردەمێکی کارەساتباری خۆی لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی پێشوو، تێپەڕ بووە".
سووریەی نوێ لە پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد بە تەواوەتی لە ڕێژیمی تاران دەبڕا و سیاسەتەکانی بەرەو وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا وەرچەرخایەوە.
لە ئێستادا و بە لابردنی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە پێشبینی دەکرێت کە وەبەرهێنەرانی وڵاتانی دەرەکی ڕوو لەم وڵاتە بکەن.