
ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا شەش کەس و ١٢ دامەزراوەی ئێران و چینی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
بە وتەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم گەمارۆیانە لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتە سەرەکییەکانی مووشەکی بالستیک سەپێندراون.
شیرکەتی ''پەرەپێدانی فیبری پێشکەوتووی ئێران'' و بەڕێوەبەرەکانی لە نێویاندا محەممەد ڕەزایی و حامید دێهقان و هەروەها شیرکەتەکانی تێکنۆلۆژیی ئێرانی لەوانە شیرکەتی ''پێشتازانی کاوش گۆستەری بوشرا'' خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
جگە لەو کەس و دامەزراوە ئێرانییانە، چەندین شیرکەت و کەسیش لە چین گەمارۆیان خراوەتە سەر.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هۆشداری داوە کە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانە قەدەغەیە، هەروەها سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکانیان لە ئەمریکا دەبەسترێت.
ئەم هەوڵانە لەحاڵێکدان کە تەنیا چەند ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تۆڕێکی نێودەوڵەتیی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە کە بە وتەی واشنگتۆن میلیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی بۆ چین دەگواستەوە.