
ئاماری کوژراو و برینداران بەهۆی ڕووداوگەلی هاتوچۆ لە لوڕستان لە سێبەری کەمتەرخەمیی بەرپرساندا، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، جێگری کۆمەڵایەتیی و پێشگرتن لە تاوانی دادگای لوڕستان، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماری کوژراوان و بریندارانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵانی دوایی لەم پارێزگایەی دەرخست.
بەپێی ئەم ئامارانە کە نیشاندەری دۆخێکی کارەساتبارە، ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی نزیک بە ٤٨٤ کەس بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم پارێزگایەدا بوونەتە قوربانی و نزیک بە پێنج هەزار و ٨٢١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ئامارە لە ساڵێ دواتریدا واتا لە ساڵی ١٤٠٣ هاوکات لەگەڵ سیاسەتەکانی پۆلیسی هاتوچۆ سەبارەت بە گرانکردنی سزاکان، نە تەنیا کەمی نەکردووە بەڵکوو ئاماری برینداران ٣٧.٤٪ زیادی کردووە بە شێوەیەک کە لەم ساڵەدا ڕێژەی بریندارانی ڕووداوگەلی هاتوچۆ گەیشتووەتە هەشت هەزار و سێ کەس.
ڕاپۆرتەکە لە زاری ئەم بەرپرسەی ڕێژیمەوە زیادی کردووە، ئاماری کوژراوان لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا بە بەراورد لەگەڵ نەورۆزی ١٤٠٣، شەش کەس زیادی کردووە.
بابەتی زۆریی ڕووداوەکانی هاتوچۆ تەنیا تایبەت بە لوڕستان نییە، زۆربەی ناوچە پەراوێزخراوەکان لە ئێران لەگەڵ ئەم کێشەیەدا بەرەوڕوون و ڕێژیمیش هیچ هەوڵێکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەنجام نادات.
تاکە هەوڵێک کە ڕێژیم لەم ساڵانەی دواییدا بۆ دابەزاندنی ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ داویەتی، گرانترکردنی سزاکانی هاتوچۆ بووە کە بە بڕوای کارناسان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە و تەنیا گیرفانی خەڵکی بەتاڵتر کردووەتەوە.
کێشەکانی سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە پلەی یەکەمدا کۆنبوونی قیرەتاو و دۆخی نالەباری ڕێگاکان و هەروەها کوالێتیی ماشینەکانی بەرهەمی نێوخۆی ئێرانە کە بە هیچ شیوەیەک لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نین.
ڕیژیم بە تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست بۆ چاکسازیی ژێرخانەکان بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، گیان و ماڵی خەڵکی بەتەواوەتی خستووەتە مەترسییەوە.