کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای ترامپ لە ئەحەمەد شەرع بۆ پەیوەستبوون بە پەیمانی ئیبراهیم

13:10 - 25 بانەمەڕ 2725

سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە عەرەبستان لەگەڵ ڕێبەری نوێی سووریە چاوپێکەوتنی هەبوو و داوای لە ئەحمەد شەرع کرد کە تا پەیوەست بە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بێت.

دۆناڵد ترامپ باسی لەوە کرد، ئەو پەیوەندییە لەگەڵ سووریە لەسەر پێداگریی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەربستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە بووە.

کۆبوونەوەی نێوان ڕێبەرانی هەردوو وڵات ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو و ڕێگە بە هەواڵنێران نەدرا شایەتحاڵی گفتوگۆکانیان بن.

بەپێی هەواڵدەریی ئانادۆڵی تورکیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پەیوەست بە کۆبوونەوەی نێوان ترامپ و محەممەد بن سەلمان و ئەحمەد شەرعەوە بووە.

وتەبێژی کۆشکی سپی وتوویەتی، ترامپ داوای لە ئەحمەد شەرع کرد سووریە پەیوەست بە پەیماننامەی ئیبراهیم لەگەڵ ئیسرائیل بێت.

"پەیمانی ئیبراهیم" لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپدا جێبەجێ کرا و بەپێی ئەم پەیمانە چوار وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، سوودان و مەراکێش پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد.

دۆناڵد ترامپ دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە مانگی ژانوییەی ڕابردوودا، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکانی ئاشتیی ئیبراهیم فراوانتر دەکات و خوازیارە عەرەبستان بەشێک لەو ڕێککەوتنانە بیت.