کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چوار کەسی پێوەندیدار بە دابینکردنی ماڵیی حیزبوڵڵای لە ئێران و لوبنان خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

11:04 - 27 بانەمەڕ 2725

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا چوار کەسی خستە لیستی گەمارۆکانەوە کە پەیوەندییان بە دابینکردنی ماڵیی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە و لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە گواستنەوەی یارمەتییە ماڵییەکان بۆ دەرەوەی وڵات کاریان کردووە.

بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بانەمەڕ بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کەسانە لە لوبنان و ئێران نیشتەجێن و یارمەتی ماڵیی بەشێکی بەرچاو لە بوودجەی گشتیی حیزبوڵڵا دابین دەکەن.

لەم بەیاننامەیەدا جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بە ئاماژە بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕی دابینکردنی دارایی حیزبوڵڵای لوبنان جەختی کردەوە: ''ئێمە درێژە بە هەڵمەتی زۆرترین گۆشارەکان لە دژی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکان دەدەین.''

حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە لیستی تیرۆریستیی ئەمریکادایە، بەڵام یەکیەتیی ئورووپا تەنیا باڵە سەربازییەکەی بە تێرۆریست دەزانێت.

لەنێو ئەو کەسانەی گەمارۆ دراون ناوی موعین دەقیقولعاملی بەرپرسی نووسینگەی حیزبوڵڵا لە شاری قوم هەیە کە ئەمریکا دەڵێت ساڵانێکە لە هەماهەنگیی پێدانی پارەی نەختی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان ڕۆڵی هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا، ئەم سزایانە لە درێژەی هەوڵەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ پەکخستنی سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵا و بەرپەرچدانەوەی چالاکییە ناوچەییەکانی، بەتایبەتی دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل بووە.