
بەپێی توێژینەوەیەک لە ئێران، ڕێژەی بەکارهێنانی گۆشتی سوور و بەرهەمە پڕۆتینییەکان، لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٩٥ تا ١٤٠٢ی هەتاوی ١٤ کیلۆ کەمتر بووەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە، بەکارهێنانی ساڵانەی بەرهەمە پڕۆتینییەکانی وەک گۆشتی سوور و گۆشتی سپی لە ساڵی ١٣٩٥، ٨٩ کیلۆ بووە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٤٠٢ بۆ نزیک ٧٥ کیلۆ، دابەزیوە.
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا هاتووە کە بەهۆی گرانییەوە گۆشتی مریشک زیاترین جێگرەوە بۆ گۆشتی سوور لە سەر سفرەکانی خەڵک بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە چەند ساڵی دواییدا، بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ هەر تاکێک تەنیا ٦ کیلۆیە لەکاتێکدا نێونجی جیهانیی ئەم ڕێژەیە ٣٠ کیلۆ لە ساڵێکدایە.
بەپێی ئامارێکی دیکە ڕێژەی بەکارهێنانی سەرجەم گۆشتی سوور، سپی و ماسی لە ئێران بۆ هەر تاکێک لە ساڵدا نزیک بە ٣٥ تا ٤٠ کیلۆیە کە گۆشتی مریشک بەهۆی هەرزانتربوونیەوە بەشی سەرەکیی ئەم ڕێژەیە دەگرێتە خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە وڵاتانی دیکە، بۆ نموونە لە ئەمریکا، بەکارهێنانی ساڵانەی سەرجەم گۆشتەکان بۆ هەر تاکێک ١٢٠ کیلۆیە و لە ئوستوراڵیا ١١٠ کیلۆیە کە بە پێچەوانەی ئێران بەشێکی کەمتری لە گۆشتی مریشک پێک هاتووە.
هەڵاوسانی بێسنوور و هەژارتربوونی خەڵک لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەیە.
کەمبوونەوەی ئەم ڕێژەیە لە بەرهەمە پڕۆتینییەکانی وەک گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی خەڵک و بەتایبەتی گەشەی منداڵان هەیە و لە ئاکامیشدا دەتوانێت دۆخی تەندروستیی کۆمەڵگەیەک بەرەو لاوازی ببات.