
پۆلیسی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە بەپێی یاسای ئاسایشی نەتەوەیی ٢٠٢٣ی بەریتانیا، سێ ئێرانی لە لەندەن بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کراون.
پۆلیسی مێترۆپۆلیتن ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە تاوانی ئەو کەسانە لەلایەن هێزەکانی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی پۆلیسی مێترۆپۆلیتن سەرپەرشتی دەکرێت و بە کۆکردنەوەی زانیاری و پلاندانان بۆ کردەوەی توندوتیژی تاوانبار کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەو سێ کەسە کە سەرجەمیان خەڵکی ئێرانن، بەپێی مادەی ٢٧ی یاسای ئاسایشی نیشتمانیی ساڵی ٢٠٢٣ تاوانبار و چەند حەفتە پێش ئێستا دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە ئەو سێ کەسە بە تاوانی بەشداریکردن لە چالاکیی توندوتیژانە لە ساڵی ٢٠٢٤ هەتا ٢٠٢٥ تاوانبار کراون و لە خزمەت دەزگایەکی هەواڵگریی بیانیدا بوون و ئەو وڵاتە بیانییەی کە ئەوان پێوەندییان پێوە هەبووە ئێرانە.
پۆلیسی بریتانیا کە بە ڕوونی ئاماژەی بە ناسنامە و تەمەنی ئەو کەسانە کردووە ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ کەسە ئێرانییە بە کردەوەی وەکوو چاوەدێری، ناسینەوە و لێکۆڵینەوە لە هەندێک سەرچاوە بە نیازی کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژانە بوون و تەنانەت بە نیازی کردەوەی توند دژی چەند کەسێکی بریتانیش بوون.