
فەرانسە ڕایگەیاندووە لەسەر پێشێلکردنی مافی شارۆمەندەکانی لەلایەن ئێرانەوە لە دادگای نێودەوڵەتیدا سکاڵا تۆمار دەکات. وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە ئامانجی ئەم کارەی وەک بەدواداچوونێکی یاسایی بۆ دۆسییەی دوو هاووڵاتیی فەرانسەیی کە لە ئێران دەسبەسەر کراون، ڕاگەیاند.
دوو هاووڵاتیی فەرانسەیی بە ناوەکانی سسیل کۆهلێر و هاوسەرەکەی ژاک پاریس ماوەی سێ ساڵە لە ئێران زیندانی کراون. فەرانسە، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوانی لە زیندانی ئێڤینی تاراندا لە دۆخێکی هاوشێوەی ئەشکەنجەدا ڕاگرتووە و ڕێگری لە دەسپێڕاگەیشتنیان بە پاراستنی گونجاوی کونسوڵگەری دەکات.
سێ ساڵ لەمەوبەر و پاش ماوەیەکی کەم لە دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاوژینە لە مانگی مەی ٢٠٢٢، تلویزیۆنی ڕێژیمی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تێیدا وا دیار بوو دانیان بەوەدا ناوە کە هاوکارییان لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی فەرانسە کردووە، بەڵام پاریس بە توندی ئیدیعایەکی لەو شێوەیەی ڕەت کردووەتەوە.
نۆئێمی کۆهلێر خوشکی سسیل کۆهلێر پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆ فەرانسە نیگەرانیی قووڵی سەبارەت بە دۆخی سیسیل و هاوسەرەکەی دەربڕیبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەوان لە زیندانی ئێڤین لەگەڵ دۆخێکی زۆر سەخت و دژوار بەڕەوڕوون.