کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی نانەواکان لە چەند شاری کوردستان و ئێران

11:01 - 28 بانەمەڕ 2725

بەپێی زانیارییە نێوخۆییەکان و کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خاوەنی نانەواخانەکان لە چەند شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک لە نانەواکان بەهۆی جێبەجێنەبوونی بەڵێنەکانی دەوڵەت، وەرنەگرتنی یارمەتیی بژێوی ژیانی نانەواکان و هەروەها ناکارامەیی سیستمی چاوەدێری و بڵاوکردنەوەی ئارد و نان، لە چەند شاری کوردستان و ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.ووە

کرماشان، ئیلام، ئێسفەهان، ئەهواز، قوم، مەشهەد، شاهینشار و بیرجەند، ئەو شارانەن کە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان تێدا بەڕێوە چووە.

نانەواکان ئەڵین، گرانبوونی نرخی کارەبا و گاز، هاوکات لەگەڵ بڕینی بەردەوامی کارەبا تەنگی بە نانەواکان هەڵچنیوە.

 ئەوان هەروەها سیستمی دیاریکراوی دەوڵەت بۆ چاوەدێریکردن و بڵاوکردنەوەی ئارد و نان بە هۆکاری لەنێوبردنی نانی خەڵک و نانەواخانەکان دەزانن.

مەبەستی نانەواکان لەم سیستمە، سیستمی "نانینۆ"ـیە، کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی دادپەروەرانەی نان لەلایەن دەوڵەتەوە دروست کراوە.

بە وتەی چەند نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم، ئەم سیستمە نە تەنیا هیچ کێشەیەکی کەمیی ئارد و نانی لە ئێران چارەسەر نەکردووە بەڵکوو تەنیا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و ڕیزەکانی نانوەرگرتنی زیاتر کردووە.

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی نانەواخانەکان ئەوەیە کە دەوڵەت بەڵێنەکانی خۆی بۆ ڕادەستکردنی پارەی ٤٠ لەسەدیی نرخی نان بە نانەواکان لە سەرەتای مانگی بانەمەڕەوە جێبەجێ نەکردووە.

نانەواخانەکان ٤٠ لەسەدی پارەی نان لە خەڵک وەرناگرن و بڕیار بووە کە دەوڵەت هەموو شەوێک ئەو ٤٠ لەسەدە بڕژێنێتە هەژماری بانکیی نانەواخانەکانەوە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێکی دیکە گرتەی ڤیدیۆ بڵاو کرابوویەوە کە تێیدا نانەواکان لە بڕینی بەردەوامی کارەبا و خراپبوونی هەویرەکانیان بەم بۆنەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.