
هونەرمەندێکی خەڵکی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی جیهانیی "وۆرڵدپرێس فۆتۆ"، یەکێک لە بەنرخترین خەڵاتەکانی بواری وێنەگریی لە جیهاندا لە بەشی پڕۆژە درێژماوەکاندا، بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ئیبراهیم عەلیپوور، وێنەگری سەرکەوتووی کورد، بە کۆمەڵەوێنەی "فیشەکەکان سنووریان نییە"، خەڵاتی وۆرڵدپرێس فۆتۆی ٢٠٢٥ی مسۆگەر کرد.
پڕۆژەی فیشەکەکان سنووریان نییە دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانەوە.
ئەم هونەرمەندە کوردە لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی سەبارەت بە خەڵاتەکە نووسیویەتی: "ئەمانە تەنیا کۆمەڵەوێنەیەک نییە، بەڵکوو بەشێکن لە ئەزموونی ژیانی خۆم وەک کوردێک لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا".
فیشەکەکان سنووریان نییە بریتین لە ٣٠ وێنە کە بەرهەمی چەند ساڵ هاتوچۆی هونەرمەند عەلیپوور لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقە و چیرۆکی ژیانی کۆمەڵەمرۆڤێکە کە ئازار و کوێرەوەری و بەرخۆدان تێکەڵەی ژیانی ڕۆژانەیان بووە.
ئیبراهیم عەلیپوور خەڵاتەکەی لە نێوان زیاتر لە ٣ هەزار و ٧٠٠ وێنەگر کە لە ١٤١ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، بەدەست هێناوە.
خەڵاتی وۆرڵدپرێس فۆتۆ لەلایەن ڕێکخراوی وۆرڵدپرێس فۆتۆ لە هولەند دەبەخشرێت و ئامانجی هاندانی وێنەگران بۆ بەبەڵگەکردنی ڕووداوەکانی جیهانە.
ڕاستی، فرەچەشنی و ڕوونی، سێ دروشمی وۆرڵدپرێس فۆتۆیە و بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی ساڵانە لە پێشانگا جیهانییەکاندا پیشان ئەدرێت.
پێشبینی کراوە کە ئەمساڵ زیاتر لە ٣ میلیۆن ئارەزوومەند سەردانی پێشانگاکانی ئەم ڕێکخراوە لە هەموو جیهاندا بکەن.