کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی واکسەنی پێویست و گوشارەکانی ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت

11:41 - 28 بانەمەڕ 2725

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە و بە پێدانی وادە و بەڵێنی زۆر وەک پێدانی زەوی، پێدانی پارەی میلیۆنی و دەیان وادە و بەڵێنی دیکە لە هەوڵدایە کە ڕێژەی حەشیمەت بەرز بکاتەوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەر ئێستا لە ناوەندە دەرمانییەکاندا، واکسەنی منداڵان دەست ناکەوێ و ئەمەش هەڕەشە لە تەندروستیی منداڵان دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، لە شارەکانی کوردستاندا خەڵک بە مەبەستی لێدانی نۆرەی واکسەنی منداڵەکانیان، سەردانی بنکە و ناوەندە دەرمانییەکانیان کردووە و پێیان وتراوە کە واکسەن دەست ناکەوێ و ڕەنگە بۆ لێدانی نۆرەیەکی واکسەن پێویست بکا ساڵێک لە نۆرەدا بمێننەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە خودی ناوەندە دەرمانییەکاندا بە خەڵک وتراوە کە لە هەر کوێ واکسەنتان دەست کەوت، لە منداڵەکەتانی بدەن و چاوەڕێی نۆرە مەبەن چونکە دەست ناکەوێ.

سەرچاوەیەکی ئااگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە خەڵک، بە مەبەستی لێدانی ئەو واکسەنە پێوستانە سەردانی باشووری کوردستان و ناوەندە دەرمانییەکانی ئەوێیان کردووە.

نەبوونی واکسەنی پێویست بۆ منداڵان و چوونە نۆرە بۆ وەرگرتنی واکسەن لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێنماییە پزیشکی و تەندروستییەکان هەندێک لەو جۆرە واکسەنانە بەپێی تەمەنی منداڵ دیاری کراون و دەبێ ڕێک لە کاتی خۆیاندا لە منداڵ بدرێن.

ڕێژیم لەلایەکەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت لەژێر ناوی "گەڵاڵەی جەوانی حەشیمەت" بەڕێوە دەچێ وادە و بەڵێنی جۆراوجۆر بە خەڵک دەدات و لەلایەکی تریشەوە توانای دابینکردنی واکسەنی پێویست بۆ منداڵانی نییە.

ڕێأیم هاوکاتیش بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی کەلوپەلی پێویست بۆ پێشگرتن لە دووگیانی، بنەماڵەکانی خستووەتە ژێر گوشارەوە تاکوو ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکات، کە ئاکامەکەی لەدایکبوونی منداڵانێکە کە ڕۆژانە لە خودی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمدا دەبینرێن و باس لەوە دەکرێت کە بنەماڵەکان لە شوێنی جیاجیادا منداڵەکانیان بەجێ دەهێلن چونکە توانای ئابووریی بەخێوکردنی منداڵەکانیان نییە.

ئەم سیاسەتەی ڕێژیم بە گشتی تەندروستی و داهاتووی منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە و تەنیان خاڵی گرینگ بۆ ڕێژیم، بەرەپێشبردنی بڕیارەکەی خامنەیی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەتە.