
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیمی ڕێژیم، شاری ئیلام وەک ناوەندی پارێزگای ئیلام بە حەشیمەتی نزیک بە ٢٥٠ هەزار کەسەوە، پێویستی بە ئیمکانات و خزمەتگوزاریی گشتی و کارا هەیە.
یەکێک لەو خزمەتگوزارییانە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەیە کە ڕۆڵێکی گرینگی لە پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە ڕووداوەکان هەیە و هەر بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، پێویستە ژمارەی بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە یا ئەو ناوچەیە گونجاو و وڵامدەر بێت.
لە ئێستادا شاری ئیلام تەنیا سێ بنکەی ئاگرکوژێنەوەی هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی پێوەرەکان بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان و قەبارەی ئەم شارە، لانیکەم پێنج بنکەی ئاگرکوژێنەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش و فریاکەوتن و وڵامدانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ڕووداوەکان پێویستن.
کەمیی بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە دەتوانێت ببێتە هۆی دواکەوتنی فریاگوزاریی ڕووداوەکان و کەمبوونەوەی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری لە کاتی ڕووداوەکاندا.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی ئیلام لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی دۆخی ڕووداوەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لە شاری ئیلام وتی: لە ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و ٦٠٠ ڕووداوی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لەم شارە تۆمار کراون و کەمیی بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە وای کردووە توانای خزمەتگوزاری و بە هاناوەچوونی پێویستمان نەبێ.