
سەرچاوەی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، کوژرانی دوویەمین برای یەحیا سینوار، ڕێبەری پێشووی گرووپی چەکداریی حەماسی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە عەرەبییە، زەکەریا سینوار و سێ کوڕی، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵێک خێوەتی ئاوارەکان لە غەززە، کوژراون.
کوژرانی زەکەریا لەکاتێكدایە کە محەممەد سینوار برایەکی دیکەی یەحیا سینوار، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر تونێلێکی ئەم گرووپە لە نزیک نەخۆشخانەیەک لە ناوچەی خان یوونس کوژرابوو.
محەممەد سینوار فەرماندەی باڵای گرووپی حەماس و هێزەکانی قەسام لە غەززە بوو کە ڕۆژی ڕابردوو لە نێو ڕێڕەوەیەک لە ژێر زەویدا بە کوژراوی دۆزرایەوە.
ناوبراو پاش کوژرانی یەحیا سینوار و محەممەد زەیف لەلایەن ئیسرائیلەوە فەرماندەیی باڵی سەربازیی حەماس لە غەززەی لە ئەستۆ گرتبووە.
ئیسرائیل پێشتر ڤیدۆیۆی کاتی هێرشکردنەسەر حەشارگەی محەممەد سینواری لە ژێر نەخۆشخانەی ئورووپایی غەززە بڵاو کردبووەوە.
بەم پێیە ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا دوو برای یەحیا سینواری لە غەززە کوشتووە.
پێشتر و لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هەروەها ڕاگرتنی ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جار جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە کە کۆتایی بە حەماس لە غەززە دەهێنن و هەموو چەکدارەکانی ئەم گرووپەی سەر بە تاران لەنێو دەبەن.
ئیسرائیل لە هەوڵدایە تاکوو هەموو ژێرخانەکانی حەماس بە تەواوەتی لە غەززە لەنێو ببات.