
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی باناەمەڕ، باسیان لە دەسبەسەرکرانی سیخوڕێکی دیکەی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان کرد.
بەپێی بەیاننامەی ئاژانسی ئەمنییەتی ئیسرائیل، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ، کۆمەڵێک ئەرکی پێ ئەسپێردراوی بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان بە کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە تۆمەتبارەکە کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆ و وێنەی لە نەخۆشخانەیەک هەڵگرتووە کە لە هەمان کاتدا نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لەو نەخۆشخانەیە لەژێر چاوەدێریی پزێشکیدا بووە.
ئاشکرابوون و دەسبەسەرکرانی سیخوڕەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ئیسرائیل پاش هێرشی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەسپێکی شەڕ زیادی کردووە.
پێشتریش ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل وەک شین بێت، هەواڵی دەسبەسەرکرانی چەند هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییان بڵاو کردبووەوە کە پێوەندیییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەبووە.
بە وتەی پۆلیسی ئیسرائیل، بەهۆی پەرەسەندنی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دزەکردنە نێو دامودەزگاکانی ئەم وڵاتە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل چاوەدێریی وردتر بە تایبەتی بۆ هاووڵاتییانی دەرەکی ئەنجام ئەدەن.
ساڵی ڕابردوو ئیسرائیل توانی تۆڕێکی سیخوڕیی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە بدۆزێتەوە کە ئەندامەکانی لە هاووڵاتییانی ڕووسی و ئازەربایجانی پێک هاتبوون.
حەوت پەنابەری ئازەربایجانی کە نیشتەجیی باکووری ئیسرائیل بوون، بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئەنجامی سەدان ئەرکی سیخوڕی بۆ تاران تۆمەتبار کرابوون.