
ڕۆژی یە شەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٤، لە کۆپێنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک هاوکات لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری "هاوار" و لە ڕاستای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی زمانی کوردی و خزمەتەکانی گۆڤاری هاوار لە نێوان ساڵانی ١٩٣٢ بۆ ١٩٤٣ سێمینارێکی زمانەوانی لەلایەن فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان بۆ نووسەر و ڕۆژنامەوان "دێنیز بەرخودان" پێک هات.
سەرەتا لەلایەن دێنیز بەرخودانەوە ئاوڕێکی کورت لەسەر نەخش و ڕۆڵی کوردانی نیشتەجێ لەم وڵاتە لە بواری ڕامیاری، زانستی، هونەری، وەرزشی، میدیایی و بواری جڤاکی درایەوە.
لەسەر بانگهێشتی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەم وڵاتە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە کاک "مەسعوود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شیلەندی حیزب، "ئەحمەد ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم وڵاتە بەشداری ئەم سێمینارە بوون.
لەلایەن کاک مسعوود نادرییەوە و بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب لەم وڵاتە چەند وتەیەکی سەبارەت بە گرینگیی زمانی کوردی پێشکەش کرد و نەخش و ڕۆڵ و بەپەرۆشیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەم بوارەدا خستەڕوو، ناوبراو لە بەشێک لە وتەکانیدا وێڕای پێزانین وتی: زمان بۆ ئێمە تەنیا ئامرازی پێوەندی نییە، بەڵکوو پایەی سەرەکی و ناسنامەی کولتووری، مێژوویی و دەرونی نەتەوەیەکە، تەنیا چەکی بەرگری لە ئاسێمیلاسیۆنە، زمان هێزی نەرمی نەتەوەکان و یادگەی گشتیی یەک میللەتە. میللەتێک بە زمانی خۆی نەخوینێ و نەنووسێ، داهێنان و توانایی کومەڵایەتی ، داهێنانی زانستی، ئەدەبی و هۆنەری نامینێ.
زمان دیفاع لە کەرامەت، مێژوو و مافی چارەی خۆنووسینە. سنووری دونیای داهاتوو فەرهەنگەکان دیاری ئەکەن. زمان و دیالێکتەکانی خوارووی کوردستان زمانی سوومر، ماد و ساسانیە.
ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، کەسایەتی، نووسەر، هۆزانڤان، ڕۆشنبیر و پسپۆڕی زمان بوو لەم سێمینارەدا.