کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی بەئەنقەستی کارەبا؛ لەنێوچوونی ٢٠ هەزار ماسی و بێکاربوونی زیاتر لە ٢٠ کرێکار

11:23 - 29 بانەمەڕ 2725

یازدە ڕۆژ لەمەوبەر و دوابەدوای پچڕانی بەئەنقەستی کارەبا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە کارگەی ماسەی ''نەهری'' و کێڵگەی بەخێوکردنی ماسیی ''نەهری'' لە ورمێ، زیاتر لە ٢٠ کرێکار بێکار بوون و زیاتر لە ٢٠ هەزار ماسی قزل‌ئالا لەنێو چوون.

ئاژانسی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، یازدە ڕۆژ لەمەوبەر، بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە، هێزە نیزامییەکان لە بنکەی "زیوە" لە ورمێ، بەبێ بەڵگەیەکی قەزایی و ئیداری، چوونە سەر کارگەی ماسەی "نەهری" لە ورمێ. لەکاتێکدا خاوەن کارگەکە لەوێ نەبوو، کارەبای کارگەکەیان بڕی و فیووزەکەیان کە نرخی ٣٠ میلیۆن تمەن بوو، لەگەڵ خۆیان برد.

هەروەها بەهۆی ئەوەی کارەبای کارگەی ماسە و کێڵگەی بەخێوکردنی ماسی "نەهری" لە فیووزێکی هاوبەشەوە بووە، ٢٠ هەزار ماسی ئەم کێڵگەیەش لەدەست چوون و لە ئەنجامدا لە ماوەی یازدە ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ کرێکار بێکار بوون.

ئەو سەرچاەەیەی کوردپا وتوویەتی؛ دوابەدوای ئەم کارە، خاوەن کارگە و کێڵگەکە سکاڵایان لە دادگا تۆمار کرد و پارێزەرێکیان بۆ دۆسییەکە دانا، بەڵام تا ئێستا بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک ڕێگرییان لێ کراوە بچنە ناو دادگاکە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خاوەن کارگەکە داوایان کردووە لانیکەم جارێک ڕێگەیان پێ بدرێت بچنە ژووری دادگاوە بۆ ئەوەی بتوانن لە هۆکاری ئەم کارە تێبگەن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وتووە کە ئەو دوو شوێنە مۆڵەتی کارکردنی یاسایی و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی کارەبای هەیە.