
ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا ناتوانین تەنانەت یەک لەسەد توانای پیتاندنیش قەبووڵ بکەین. هەڵوێستێک کە وەزیری دەرەوەی ئێران لە وڵامدا ڕایگەیاند: پیتاندن لە ئێران، چ بە ڕێککەوتن چ بەبێ ڕێککەوتن بەردەوام دەبێت.
ویتکاف لە وتووێژێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕ لە کەناڵی ''ئەی بی سی'' بلاو کرایەوە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ هەموو ئاماژەیەکی پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بۆ تاران ناردووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئێمە هێڵی سووری زۆر زۆر ڕوونمان هەیە و ئەوەش پیتاندنی ئورانیۆمە، ناتوانین تەنانەت یەک لەسەد لە توانای پیتاندنی قبووڵ بکەین.
کاتژمێرێک دواتر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وڵامی ئەم قسانەی دایەوە و وتی: ویتکاف بە تەواوی لە ڕاستییەکانی دانوستان دوورە و پیتاندن لە ئێران بەردەوام دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەمریکاییەکان پێیان خۆشە لە بەرهەمنەهێنانی چەکی ناوکی دڵنیا بن، ئێمە بۆ ئەو کارە ئامادەین، بەڵام ئەگەر داواکاریی ناڕاستەقینەیان هەبێت، سروشتییە کە جێبەجێ ناکرێن".
ویتکاف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە "پیتاندن ڕێگە بۆ دروستکردنی چەک خۆش دەکات و هەموو شتێک بە ڕێککەوتنێک دەست پێدەکات کە پیتاندنی ئورانیۆم لەخۆ ناگرێت"، جەختی لەوەش کردەوە، "زۆر ڕێگە هەیە بتوانین لەم دانوستانانەدا بە ئامانجەکانمان بگەین".
ڕۆژی یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دوای دیدار لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی، دووپاتی کردەوە کە تاران "هیچ پەیامێکی نووسراو"ی لە ئەمریکاوە سەبارەت بە دانوستانە ناوکییەکان پێ نەگەیشتووە و سەبارەت بە خولی داهاتووی دانوستانەکانیش وتی: "ڕۆژی دانوستانەکان تاڕادەیەک دیاری کراوە، بەڵام دەبێت یەکلایی بکرێتەوە".
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕ، خولی چوارەمی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت، پێتەختی عومان کۆتایی پێ هات و هەر دوو لایەن دانیشتنەکەیان ئەرێنی لە قەڵەم دا و پشتڕاستیان کردەوە کە ناتەباییەکان چارەسەر نەکراوە.