
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان نیوەچڵبوونی مەیدانی ١٢ی فەروەردین لە شاری سنە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ترافیک دروست کرابوو لە ئێستادا خۆی بووە بە کێشەیەکی جیددی بۆ سەر هاتوچۆی هاووڵاتییان.
پرۆژەی ئامادەکاری و دروستکردنی ئەو مەیدانە چەند ساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی هاتوچۆ لەو بەشە و کەمکردنەوەی ترافیک و ڕووداوی هاتوچۆ دەستی پێ کردبوو، بەڵام ئێستا بە نیوەچڵ ماوەتەوە و بووەتە یەکێک لەو خاڵانە کە زۆرترین ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆی تێیدا ڕوو دەدات.
هۆکاری سەرەکیی نیوەچڵ مانەوەی ئەو مەیدانە ناکارامەبوونی بەرپرسانی پێوەندیدار و شارەداریی شاری سنەیە.
جێگای ئاماژەیە کە هەڵکەوتەی ئەو مەیدانە شوێنێکی گرینگە و ڕێگای هاتوچۆی سێ شارەکی پیشەیی و ناوچەی نایسەری بەسەرەوەیە و ئەوەش وای کردووە کە ئەو بەشە هەمووکات قەرەباڵغ بێت.
هاووڵاتییان لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە ئەو مەیدانە سەڕەڕای ناشیرینکردنی سیمای شار ناستانداردییەکەی وای کردووە کە ئەو بەشە ببێتە شوێنی ڕوودان و پێکدادانی ماشینەکان و تەنانەت هێما و تابلۆکانی پێوەندیدار بە هاتوچۆیشان لەو بەشە دانەناوە.
لەم پێوەندییەدا جەمشیدنژاد سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و ئەندازیاری گواستنەوە و هاتوچۆی شارەداریی سنە ڕایگەیاندووە کە ئەو پڕۆژەیە لە ئێستادا لەژێر دەستی کارناسی پێوەندیداردایە و ئەو مەیانە سەرەڕای وڵامدانەوە بە کێشەکانی هاتوچۆ و گونجاوبوونی بڕیارەکە لە چەند مانگی داهاتوودا بیرێکی دیکەی لێ بکرێتەوە و ئەگەری هەیە بگۆڕدرێ و بکرێتە چوارڕێیانێک.