کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێبڕکێی گرانیی پێداویستییەکانی خەڵک لە ئێران؛ شیر دیسان گران بوو

10:55 - 30 بانەمەڕ 2725

گرانی بە دوای گرانی لە ئێران، وەزارەتی وەرزێڕیی ڕێژیم باسی لە بەرزبوونەوەی نرخی شیر تا ٥ هەزار تمەن لە هەر کیلۆدا کردووە.

وەزیری وەرزێریی ڕێژیم ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، پەسەندکراوی شۆرای باڵای بڕیاردەری نرخەکانی ڕاگەیاند تاکوو نرخی شیر و شیرەمەنییەکان بەرزتر ببێتەوە.

بەم پێیە نرخی هەر کیلۆ شیر لە ١٨ هەزار تمەنەوە بۆ ٢٣ هەزار تمەن زیادی کردووە.

سەرچاوە نێوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە نرخی هێندێک لە شیرەمەنییەکان تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی فەرمیی وەزیری وەرزێڕی زیادی کردبوو.

لە ئێستادا و بە گرانتربوونی نرخی شیر و شیرەمەنییەکان پێشبینی دەکرێت کە بەکارهێنانی ئەم کاڵا گرینگە بۆ جارێکی دیکە لەلایەن بنەماڵەکانەوە کەمتر ببێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی بەکارهێنانی شیرەمەنییەکان لە ئێران بۆ هەر تاک ٤٠ کیلۆیە کە مەودایەکی بەرچاوی لەگەڵ نێونجیی جیهانی کە ١٥٠ کیلۆیە هەیە.

هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا توێژینەوەیەک دەریخستبوو کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەکارهێنانی گۆشت و بەرهەمە پڕۆتینییەکان لە ئێران ١٤ کیلۆ کەمی کردووەتەوە.

گرانیی بەردەوامی خۆراک، بەتایبەتی خۆراکە گرینگەکانی وەک نان، گۆشت و شیرەمەنییەکان، تا ڕادەیەکی بەرچاو سفرەی خەڵکی لە بەرهەمە پڕۆتینییەکان بەتاڵ کردووەتەوە کە ئەم بابەتە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر تەندروستی و گەشەی منداڵان هەیە.

گرانیی و هەڵاوسان لە ئێران بە شێوەیەکە کە خەڵک هەر مانگ و هێندێک جار هەر حەفتە کاڵا و پێداویستییەکانیان لە چاو مانگ و حەفتەی ڕابردوو بە نرخێکی زیاتر دابین دەکەن.