
بەپێی ئامارەکان ڕێژەی لەدایکبوون لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زیاتر لە ٧ لەسەد کەمی کردووە. ڕێژەی منداڵبوون بۆ ژێر ٢ لەسەد دابەزیوە و بەپێی توێژینەوەیەک لەسەدا ٧٧ی هاوژینەکان هیچ حەزێکیان نییە کە منداڵیان ببێت.
لە ساڵی ١٣٩٣ـەوە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سیاسەتی زیادکردنی حەشیمەتی ڕاگەیاند، خەمی سەرەکیی بەرپرسانی پەیوەندیدار زیادکردنی ڕێژەی لەدایکبوون بووە. بەڵام ئەم داواکارییە لە بنەڕەتدا جێبەجێ نەکراوە، تەنیا لە ڕێگەی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتن بە کەرەستەی ڕێگری لە دووگیانی و هەڵوەشاندنەوەی پشکنینی پێش دووگیانی هەوڵ دراوە ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکرێت.
هەموو ئەمانە بە ڕواڵەت کاریگەریی پێچەوانەیان هەبووە. جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ''ئیسنا''، دوایین ئامار و زانیارییەکانی سەبارەت بە حەشمیەت بە نیگەرانکەر زانی.
جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان هەروەها باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ میلیۆن گەنجی سەڵت لە تەمەنی هاوسەرگیریدا لە ئێران هەن و وتیشی کە تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێراندا گەیشتووەتە دەوروبەری ٣٠ بۆ ٣٥ ساڵ.
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی نووسینگەی حەشیمەت سەر بە ناوندەی ئاماری ئێران، دانیشتووانی ئێران بەرەو پیربوون دەچن. لە ڕاپۆرتی ئەو ناوەندەدا هاتووە کە لە ساڵی ١٤٠٤دا لە هەر ١٠٠ کەس لە ئێران ٨ کەسیان تەمەنیان ٦٥ ساڵ و سەرووترە، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٣٩٥دا لە هەر ١٠٠ کەسی ئەو وڵاتە ٦ کەسیان لەم تەمەنەدا بوون.
جێگری کاروباری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێرانیش بە بۆنەی ڕۆژی حەشیمەت ئامارێکی لەسەر ئەم پرسە ڕاگەیاند و وتی کە ژمارەی لەدایکبوونەکان لە ساڵێکدا بۆ خوار یەک میلیۆنەوە دابەزیوە و ساڵی ڕابردوو تەنیا ٩٧٩ هەزار منداڵ لە دایک بوون لە ئێران ڕوویداوە کە بە وتەی ناوبراو بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ڕووی داوە و بە زەنگی مەترسی دادەنرێت".
ساڵانێکە کارناسان، کێشەی ئابووری و نەبوونی داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵان وەک هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئارەزووی منداڵبوون لە ئێران، هێناوەتەوە.
گەندەڵی بەربڵاوی ئابووری و ئیداری، هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەر، کێشە و سنووردارکردنی سیاسی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و کولتووری، تەنیا چەند هۆکارێکن لەو دەیان هۆکارەی کە هانی هاوژینە گەنجەکان دەدات بۆ ئەوەی کە منداڵیان نەبێت.