کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کارەبا و زەقکردنەوەی دەرهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە وەک کێشەی سەرەکیی قەیرانەکە

11:28 - 30 بانەمەڕ 2725

دەرهێنانی کریپتۆکارینسی یان هەمان دراوە دیجیتاڵییەکان بە شاراوەیی لە ئێران، هاوکات لەگەڵ کەمیی کارەبا، قەیرانەکەی بەربڵاوتر کردووەتەوە.

عەباس عەلی‌ئابادی، وەزیری وزەی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ لە کۆڕبەندێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا ٢٤٨ هەزار ماینێری نایاسایی دۆزراوەتەوە.

ماینێر، ئامێرێکە کە بۆ دەرهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت کە پێویستی بە بەکارهێنانی کارەبایەکی زۆرە.

عەلی‌ئابادیی ئەم ڕێژە زۆرە لە دۆزینەوەی دەرهێنەرە نایاساییەکانی بە بابەتێکی نائاسایی زانیوە.

پێشتر باس لە مافیای دەرهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئێران کرابوو کە بۆ دەرهێنانی دراوەکان کارەبای ماڵان بەکار دەهێنن کە نرخێکی کەمتری لەچاو کارەبای پیشەسازییەکان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی چەند سەرچاوەی نێوخۆی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئێران لەلایەن خودی دەوڵەت و سپای پاسدارانەوە دەرهێنراون.

ماڵپەڕی زەیتوون، ساڵی ١٣٩٩ لە ڕاپۆرتێکدا و بە پشتبەستن بە ئامارێکی نافەرمی، باسی لە ١٨٠ هەزار ماینێری تۆمارکراو کردبوو کە هەموویان لە پێوەندیی لەگەڵ دامەزراوەکانی گرێدراو بە سپای پاسدارانەوە بوونە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمە جاری یەکەم نییە کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم بابەتی دەرهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان بە هۆکارێ سەرەکیی قەیرانی کارەبا لە ئێران دەزانن و بە شێوەیەک ڕاستیی بابەتەکە بە جۆرێک دەشارنەوە.

بۆ نموونە عەلی‌ئابادی ڕایگەیاندووە کە ٣ هەزار مێگاوات کارەبا لە ساڵدا لەلایەن ماینێرەکانەوە بەکار دەبردرێت.

تەنانەت ئەگەر ئەم قسانەی وەزیری وزەی ڕێژیم ڕاستیش بێت، هێشتا ٣ هەزار مێگاوات جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ کەمیی ٢٠ هەزار مێگاواتیی کارەبا لە ئێراندا هەیە.

بەم پێیە ئەگەری ئەوە هەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە بیانهەوێت بەم شێوەیە ناکارامەیی دەسەڵات بۆ دابینکردنی کارەبا لە ئێران، بە لاڕێدا بەرن.

سەرەکیترین کێشەکانی قەیرانی کارەبا لە ئێران کۆنبوونی وزەخانەکانی ڕێژیم و سیستمی گواستنەوەی کارەبا لە ئێرانە کە بەشێکی زۆر لە کارەبای بەرهەمهێنراو بە فیڕۆ ئەدات.

کەمیی گاز و سووتەمەنیی پێویست بۆ وزەخانەکانیش یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانە.