کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوە بچێت

12:20 - 30 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە کە ئەگەری بەڕێوەچوونی خولی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا هەیە.

لۆڕێنس نۆرمن، پەیامنێری واڵ ستریت ژۆرناڵ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: بڕیار وایە خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە حەفتەی داهاتوو ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە ڕۆم بەڕێوە بچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ، دوابەدوای لێدوانەکانی ویتکاف نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە پێویستیی کەمکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران بۆ ئاستی سفر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختی لەوە کردەوە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت.

هەروەها عەباس عێراقچی ڕایگەیاند کە داواکاریی ناڕەوا لە ئێران دەبێتە هۆی سەرکەوتوو نەبوونی پرۆسەی دانوستان، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دانوستان بە ئەنجام بگات یا نە ئەوە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت.