
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی شاری سنە کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەسە کیشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
بە وتەی فەرمانداری سنە، ١٠٥ گوندی ئەو شارە بەردەوام ڕووبەڕووی کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە و بۆ ئەمساڵیش تەنیا پلان بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ٢١ گوند داڕێژراوە.
لەم پێوەندییەدا سەیدغەریب سەجادی فەرمانداری سنە ڕایگەیاند ئاوی خواردنەوە لە زۆرێک لە گوندەکانماندا وەک کێشەیەکی گەورە دەمێنێتەوە و لە کۆی ١٩٨ گوندی سەر بەو شارە، تەنیا ٩٣ گوند لەلایەن کۆمپانیای ئاوەوە ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکرێ و ١٠٥ گوندیش هێشتا کێشەی جێگیربوون و دەستپێڕاگەشتن بە ئاویان هەیە.
ناوبراو وتی کە ٢٥٪ی بوودجەی گەشەپێدانی شارەکە کە ساڵی ڕابردوو ٥٠٠ میلیارد تمەن بوو، بۆ کەرتی ئاو تەرخان کرا، بەڵام هێشتا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە ڕێگایەکی دوورمان لە پێشە و پێویستە کاری پڕۆژە تەواونەکراوەکان خێراتر بکرێن.
ناوبراو وتیشی کە دۆخی بەنداوی ئازاد کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەیە جێگای نیگەرانییە چونکە ئاوەڕۆ و پاشماوەی ٥٧ گوندی سەر بە مەریوان کە لە قەراخ ئەو بەنداوەن بە سەریەوەتی و بەهۆی نەبوونی وێستگەی پاککردنەوە و پاڵاوگە، مەترسی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانمان دروست دەکات.
هەروەها ڕایگەیاند نزیکەی ٣٠ی گوندی ئەو شارە کێشەی ڕێگەوبان و هەروەها ٢٠ گوند کێشەی هێڵێ ئینتێرنێت و پێوەندییان هەیە.