کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکرانی شەش بڕیارنامەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوڕای لاوانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست

12:38 - 30 بانەمەڕ 2725

شۆرای یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بە زۆرینەی دەنگی بەشداربووان شەش بڕیارنامەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەسەند کرد.

بڕیارنامەکان بریتی بوون لە:

ـ  بەفەرمیناسینی نەورۆزی خاکیپۆشان لە ڕۆژهەڵات و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی جەماوەری و شوناسخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەفەرمیناسینی سەرجەم هێماکانی ئەم نەورۆزە وەک هەوری و جامانە و جلی خاکی، هەروەها مەحکوومکردنی ڕاشکاوانەی ٨٠٠ بەناو ڕۆشنبیری فارس کە دژی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردەواری لە ورمێ و شارەکانی دیکەی کوردستان واژۆیان کۆ کردووە.

ـ داواکاریی وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، کە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئۆتریش دەکات فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ هەموو ئەو کەسانە کە لەو تێرۆرەدا بەشدار بوون، بەبێ گوێدانە پۆستی حکوومی ئێستایان یان پێشوویان جێبەجێ بکەن. هەروەها پێشنیاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بەردەامی‌دان بەو کەیسە و هاندانی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فشاری دیپلۆماسی لەسەر هەردوو وڵاتی ئۆتریش و ئێران بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە دادپەروەری لەم کەیسەدا ڕەچاو بکرێت.

ـ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ئەم بابەتە لەوبارەوە دەبێ سەرنجی بخرێتە سەر کە ڕەفتارەکانی ئێران لە بەکارهێنانی مووشەک دژی دانیشتووانی مەدەنی و پشتیوانیکردنی لە گرووپە چەکدارە نیابەتییەکان، سەقامگیریی ناوچەکەی تێک داوە، جا بۆیە ئەم پێشینەیە پێمان دەڵێت کە کۆی ئەو تێڕوانینەش ڕەت بکرێتەوە کە ڕێژیمێکی منداڵکوژ بتوانێ کەڵكی دوور لە شەڕ لە چەکی ئەتۆمی وەربگرێت.

ـ لایەنە نایاسایی و ناپرۆتۆکۆڵییەکانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پارلەمانی نۆروێژ و کوڕی شای لەکارلادراوی ئێران و نمایشکردنی ئاڵای نافەرمی یان دانپێدانەنراو شانبەشانی ئاڵای نیشتمانیی نۆروێژ لەسەر شوێنی فەرمیی پارلەمان. ئەمە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی و ڕێکارە حکوومییەکانی نۆروێژە و سەرۆکی پارلەمانی نۆروێژ وەک نوێنەری دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەشێوەیەکی تاکلایەنە سیاسەتەکانی دیپلۆماسی نۆروێژ چەواشە بکات. بۆیە بەکارهێنانی ئیمکانات و هێمای پارلەمانی بۆ کۆبوونەوەکان دەکرێت وەک پشتگیریکردنی دەوڵەتێکی ئورووپایی لە فاشیزمی نوێ لە ئێران لێک بدرێتەوە.

ـ بڕیارنامەی پشتیوانی لە مافی منداڵانی پەنابەرانی سیاسی، لەکاتێکدا کە منداڵانی پەنابەرە سیاسییە ئێرانییەکانی نیشتەجێ لە عێراق و وڵاتانی دیکە، ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی سیستماتیکی و ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانیان لە بەڵگەنامە و ناسنامە دەبنەوە،  کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنقەست پاسپۆرت و ناسنامەی هاوڵاتیبوون بۆ منداڵانی پەنابەرانی سیاسی وەک جۆرێک لە سزای گشتی و سیاسی ڕەچاو دەکات و پێدانی پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنامە بەو منداڵانەی گرێ دەداتەوە بە هاوکاریی هەواڵگری و چالاکیی سیخوڕی لە دژی ئۆپۆزیسیۆن، داواکارین کە بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئینکاری بەڵگەنامە وەک ئامرازێکی سەرکوتکردنی سیاسی و، هەروەها  دانانی چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی پەرەپێدانی سیستەمی پشتڕاستکردنەوە و پێدانی پاسپۆرت و ناسنامەی تایبەت و،هەروەها بڕوانامەی بەدیل بەتایبەتی بەمەبەستی خوێندن و وەرگرتنی  بورسی خوێندن بۆ ئەوپەنابەرانە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی دەست پێ بکەن.

ـ دوایین بڕیارنامە تایبەت بوو بە قۆناغی نوێی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیە کە ئەم بڕیارنامە بە هاوبەشی لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و لاوانی دەم پارتی و لاوانی یەکیەتیی نیشتمانی ئامادە کرابوو و تێیدا داوا کرابوو کە گەرەنتیی نێودەوڵەتی لە پشت ئەم پڕۆسەیە بێت بۆ ئەوەی چیتر کورد نەبن بە قوربانیی سیاسەتگوزاری هەڵە و هەڵاواردن لە تورکیە.

شایانی باسە هەر شەش  بڕیارنامەکە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی بەشداربوو پەسند کران و دەنگی تەواویان هێنایەوە.

شۆرای یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی مانگی مەی ٢٠٢٥ بە بەشداریی بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە و بە بەبشداری هاوڕێ کەماڵ مەحیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە "پریشتنینا"ی پایتەختی کۆزۆڤۆ دەستی بەکارەکانی کرد و پاش گەنگەشەی سیاسیی قۆناغی نوێی کاری ڕێکخراوەیی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە ڕاپۆرتیێک وەک کۆبەندی کاری شۆرا کۆتایی بەکارەکانی هێنا.