
ڕێکخراوی ڕێپۆرتەرانی بێسنوور لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیاندا سەبارەت بە ئازادیی میدیایی لە جیهاندا، ئێرانیان وەک یەکێک لە خراپترین شوێنەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەوانان و ئازادیی میدیاکان، پۆلێن کردووە.
بەپێێ ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، ناوی ئێران لە پلەی ١٧٦ی ئەم خشتەیەدا هاتووە و پلەیەک لە دوای ئەفغانستانی ژێردەستی تاڵەبانە کە لە پلەی ١٧٥ـدایە.
ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە کە ئاشکراترین پێشێلکردنی ئازادیی میدیاکان لە ئێران هێرشکردنەسەر ڕۆژنامەوانانە و هەروەها پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە گوشارە ئابوورییەکان کێشەیەکی گەورە و کاریگەری بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لە ئێران دروست کردووە.
ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور ناوچەکانی ڕؤژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای وەک مەترسیدارترین شوێنەکان بۆ ڕۆژنامەوانان دیاری کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە جگە لە وڵاتی قەتەر، هەموو وڵاتانی ئەم دوو ناوچەیە لە ڕوانگەی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە لە دۆخێکی ئەستەم و خراپدان.
هەر لە دوایین نموونەی کێشەکانی میدیایی لە ئێران و بەربەست بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانان، دادستانیی تاران پاش تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی، چەند میدیا و چالاکوانی میدیایی بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی سەبارەت بە تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و دۆسییەی دادوەریی بۆ دروست کردوون.
کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە کاتی قەیرانەکان و نموونەی ڕووداوە هاوشێوەکاندا، لە یەکەمین هەوڵی خۆیدا دەست بە سەرکوتی ڕۆژنامەوانان و میدیاکان دەکات تاکوو ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیارییە متمانەپێکراوەکان بکات و بەو جۆرەی کە خۆی دەیهەوێت هەواڵەکان ئەندازیاری بکات.
قۆرۆخکردنی میدیا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە جیهاندایە تاکوو لەم ڕێگەیەوە زیاترین کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دروست بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕیپۆرتەرانی بێسنوور، سووریە بە پلەی ١٧٧ و پاشان چین، کۆرەی باکوور و ئێریترە، دۆخێکی خراپتر لە ئێرانیان بۆ ڕۆژنامەوانان و ئازادیی میدیاکان لە وڵاتەکانیاندا دروست کردووە.