
ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، سەربازێکی کورد بە ناوی سامڕان ڕاک، دوو ڕۆژ پاش هاتنە مورەخەسی، لە ماڵەکەی خۆیدا و لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی زانیارییەکان سامڕان ڕاک لە قەزوێن سەرباز بووە. دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە مورەخەسیی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ مەهاباد، لە ماڵی باوکیدا و لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سامڕان لە تیپی ١١٦ی سەرلەشکەر سەفەوی لە قەزوێن سەربازی کردووە و تەنیا ماوەی دوو مانگی ماوە تاکوو بەگشتی ماوەی سەربازییەکەی تەواو بکات.
ئاژانسی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای ئاماژە بە خۆکوژیی ئەم لاوە کوردە، سەبارەت بە ئاماری خۆکوژیی سەربازانی کورد لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٩١ هەتا ١٤٠٤ ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا سەرجەم ٤١ سەربازی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە خۆکوژیی سامڕان ڕاک یەکەمین حاڵەتی تۆمارکراوی خۆکوژیی سەربازانی کورد لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوییە.
بەپێی ئامارەکانی کوردپا، ٣٥ کەس لە کاتی سەربازیدا و ٦ کەس لە کاتێکدا کە چوونەتە مورەخەسی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
٣١ حاڵەتی ئەم خۆکوژییانە شێوازەکەی دیارە و زیاتر لە ٧٤ لەسەدیان لە ڕێگەی چەکی سازمانییەوە ڕوویان داوە.
٨٥ لەسەدی خۆکوژییەکان لە پادگان و شوێنی تێپەڕاندنی ماوەی سەربازییەکە ڕوویان داوە و تەنیا لە کەمتر لە نیوەی ئەم ڕێژە لە خۆکوژییەکاندا هۆکارەکە ڕاگەیەندراوە کە کوردپا ئەمەی بە شاردنەوە و ناڕوونیی سازوکاری وڵامدەربوون لە ناوەندە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگەیاندووە.
ئامارەکە سەبارەت بە ساڵەکان بەم شێوەیە:
١٤٠٤یەک کەس، ١٤٠٣ سێ کەس، ١٤٠٢ پێنج کەس، ١٤٠١دا پێنج کەس، ساڵی ١٤٠٠ سێ کەس، ساڵی ١٣٩٩ یەک کەس، ساڵی ١٣٩٨ دوو کەس، ساڵی ١٣٩٧ چوار کەس، ساڵی ١٣٩٦ پێنج کەس، ساڵی ١٣٩٥ یەک کەس، ساڵی ١٣٩٤ یەک کەس، ساڵی ١٣٩٣ یەک کەس، ساڵی ١٣٩٢ شەش کەس و لە ساڵی ١٣٩١دا سێ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کوردپا دەڵێ ئەم ئامارە تەنیا بەپێی داتای فەرمی لای ئەوان تۆمار کراوە و بە سەرنجدان بە سنوورداربوونی زانیارییەکان، سانسۆری حکوومەتی و ناڕوونیی نیزامی و دادوەری لە ئێراندا، ئاماری ڕاستەقینە لەمە زیاترە.