
ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕیژیم لە یەکێک لە دوایین ڕاپۆرتەکانی خۆیدا کە ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕ بڵاوی کردووەتەوە، کاریگەرییەکانی هەژاریی لە سەر خوێندەواری لە ئێران خستووەتە ڕوو.
ئەم ڕاپۆرتە کە لەژێر ناوی "چاوەدێریی ڕەهەندەکانی هەژاریی پەروەردەیی لە ئێرانی ساڵی ١٤٠٢"، بڵاو کراوەتەوە، نێونجی تێچووەکانی پەروەردەیی هەر بنەماڵەیەکی لە ساڵەکانی ١٣٩٧ و ١٤٠٢ی هەتاوی دیاری کردووە.
بەپێی ئەم توێژینەوەیە، نێونجیی تێچووەکانی خوێندن بە بەراورد لەگەڵ کۆی تێچووەکانی هەر بنەماڵەیەک لە ساڵی ١٣٩٧، ٤.٧٢٪ بووە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٤٠٢ گەیشتووەتە تەنیا یەک لەسەدی کۆی تێچووەکانی هەر بنەماڵەیەک.
ئەمە بەو واتایەیە کە چیتر بنەماڵە هەژارەکان بەهۆی گرانتربوونی پێداویستییەکانیان، نەیانتوانیوە وەکوو پێشتر بۆ خوێندنی منداڵەکانیان پارە خەرج بکەن و بە ناچار منداڵەکانیان دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.
ڕاپۆرتەکە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لە نێوان دۆخی ئابووریی بنەماڵەکان و پەروەردەی منداڵان دەرخستووە.
هەروەها ئەم توێژینەوەیە لە چەند بەشێکی دیکەدا پەرژاوەتە سەر دۆخی خراپی پۆلەکانی خوێندن و کەمیی مامۆستا بە ئاستی خوێندنی باڵاوە، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان و گوندەکان کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەجێمان یان وازهێنانی منداڵان لە خوێندنە.
بەڵام جگە لە هەژاری، پەروەردەی یەک زمانە، واتا پەروەردەکردن لە قوتابخانەکانی ئێران بە تەنیا یەک زمان کە ئەویش زمانی فارسییە، بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی وازهێنان و بەجێمانی منداڵان لە خویندن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤١ لەسەدی قوتابییان لە پاش کۆتاییهاتنی پۆلی چواری سەرەتایی، ناتوانن بگەنە کەمترین ئاستی خوێندنەوە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی وازهێنانیان لە خوێندن.
فێرنەبوونی ئەم ڕێژەیە لە منداڵان پاش چوار ساڵ لە خوێندن، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان کە زمانی خەڵکی ناوچەکە فارسی نییە، دەرخەری لێکەوتە خراپەکانی پەروەردەی منداڵان بە زمانێک جگە لە زمانی دایکیانە.
بۆ نموونە لە پارێزگاکانی وەک: سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، بەلووچستان، خوراسانی باکوو، ئەهواز، زەنجان، تەورێز و گیلان کە زمانی دایکی فارسی نییە، ڕێژەی نەخوێندەواران زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەیە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکەی مەجلیسی ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە بە خوێندنی منداڵان بە زمانێک جگە لە زمانی دایکیی خۆیان گرێ بداتەوە، قسەکردنی بنەماڵەکان بە زمانێک جگە لە زمانی فارسی لە چوارچێوەی ماڵەکانیانی بە هۆکارێکی کاریگەر لەسەر خوێندنی منداڵان زانیوە.
ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس بۆ ئەم بابەتە خشتەیەکی کێشاوەتەوە کە لەم خشتەیەدا هێناویەتی، ئەگەر بنەماڵەکان بە زمانی فارسی قسە بکەن یان هەندێک جار بەم زمانە قسە بکەن، دەرجەی منداڵەکانیان زۆر باشترە لەو منداڵانەی کە لە ماڵەوە بە زمانی فارسی قسە ناکەن.
سیاسەتی ئاسێمیلەکردنی منداڵانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران، هەموو کات یەکێک لە سەرەکیترین بنەماکان بۆ کارکردنی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە ئێراندا بووە.