کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی ژینگەی ناوچەی مەهاباد لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە

11:15 - 31 بانەمەڕ 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ماوەی چەن ڕۆژێکە چەن کەسێکی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەی گەورکایەتیی مەهاباد بە مەبەستی زیادکردنی زەویی کشتوکاڵ دەستیان کردووە بە تێکدان و بڕینی چەندین هێکتار دارستانی خۆڕسک لە دەوروبەری چۆمی شارەزوور.  

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کۆمەڵێک کەسی سەر بە سپای پاسداران لە مەهاباد کە ناویان لەلایەن ژووری هەواڵەوە پارێزراوە، بۆ داگیرکاریی زیاتری زەوییەکانی هەرێمی چۆمەکە، ڕێڕەوی چۆمی ئەو گوندەیان لەسەر شێوەی سروشتی خۆیان لابردوە و گۆڕیویانە.

 جێی ئاماژەیە کە دارە بییەکانی ئەو دارستانە تەمەنیان دەگاتە سەرووی سەد ساڵ و بەشێکی گرینگی سروشتی ئەو ناوچەیە پێک دێنن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە وێڕای ئاگادارکردنەوەی ئیدارە جەنگەڵبانی و هەروەها ئیدارەی بەنێو پارێزەری سروشت بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتە هیچ هەوڵێک نەدراوە، ئەوەش وێڕای ئەوەیە کە لە بەهاری ئەوساڵدا ئەو دوو ناوندەی سەر بە ڕێژیم بە یارمەتیی سپای پاسدارانی ناوچەکە بە هەموو جۆرێک پێشگیریان لە هەڵمەتی نەمام چاندن لەو دەڤەرە دەکرد.

 جێگای باسە کە ماوەی چەند ساڵێکە ڕێژیم هەموو هەوڵ بۆ لەنێوبردنی سروشت و دارستانی کوردستان دەدا و بە ئیزندان بە کەسانی سەر بە ڕێژیم بۆ بڕینی دارەخۆڕسکەکان ئەو هەوڵە چڕتر بووەتەوە کە بەداخەوە لەلایەن چەندین کەسی خۆفرۆشی ناوچەکەوە یارمەتی دەدرێن.