
یەکیەتیی ئورووپا ١٧هەمین بەستەی گەمارۆکانی دژی ڕووسیە، بەهۆی هێرش بۆ سەر ئۆکراین ڕاگەیاند هەتا چالاکیی کەشتییەکانی ناسراو بە ''ناوگانی جندۆکە''، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە بە سیفر بگەیەنێت.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ''ئێکس''، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، نووسیویەتی: یەکیەتیی ئورووپا ١٧هەمین بەستەی سزاکانی بەسەر ڕووسیەدا بۆ کردنە ئامانجی نزیکەی ٢٠٠ کەشتی پەسەند کردووە.
ناوبراو وتی: ''گەمارۆی زیاتر دژی ڕووسیەدا لە ڕێگە دایە. هەرچی ڕووسیە شەڕ درێژتر بکاتەوە، وەڵامدانەوەمان توندتر دەبێت".
یەکیەتیی ئورووپا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢ـەوە وردە وردە سزادانی ناوگانە نەوتهەڵگرەکان و دەستوپێوەندییەکانی مۆسکۆی کە لە هەوڵی دەورلێدانی نرخی نەوتی ڕووسیەن، دەست پێ کردووە.
فرۆشی نەوت و گاز یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی ڕووسیە، کە بودجەی پێویست بۆ شەڕ دژی ئۆکراین دابین دەکات.
هەروەها ئەو گەمارۆ نوێیانە بلۆکەکردنی سەروەت و داریی و قەدەغەکردنی ڤیزا بۆ دەیان بەرپرسی دیکەی ڕووسیە لەخۆ دەگرێت.
هەروەها بریتانیا ڕۆژی سێشەممە گەمارۆ نوێی دژی بەشی نیزامی، وزە و دارایی ڕووسیەی ڕاگەیاند و ئەمەش هاوکات لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا گوشارەکانی سەر مۆسکۆی زیاتر کرد.
بریتانیا ڕایگەیاند گەمارۆکان ١٠٠ حاڵەتی نوێ لەخۆ دەگرێت. ڕاگەیاندنی ئەم گەمارۆیانە دوای ئەوە دێت کە ڕووسیە لە کۆتایی حەفتەدا هێرشی بەربڵاوی بە دڕۆن بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین ئەنجام دا، کە وەک گەورەترین هێرشی دڕۆنی دێتە ئەژمار.