کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئێن: ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئامادە دەکات

11:30 - 31 بانەمەڕ 2725

کاناڵی ''سی ئێن ئێن'' ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکایی بڵاوی کردەوە کە زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئامادە دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمریکا زانیاری نوێی دەست کەوتووە کە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی کابینەی دۆناڵد ترامپ بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنی دیپلۆماتیک لەگەڵ تاران دەکات، ئیسرائیلش خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئامادە دەکات.

تا ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فەرمی لەم پێوەندییەدا هیچیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام کردەوەکانی ئیسرائیل و جمووجووڵە سەربازییەکانی و گواستنەوەی چەک و فڕۆکەی شەڕکەر و مووشەکی پێشکەوتووەی ئیسرائیل دەرخەری ئەو حاڵەتەن.

شایانی باسە کە ئێران و ئەمریکا تا ئێستا چوار خولی دانوستانی ناوکییان ئەنجام داوە و بە وتەی کازم غەریبادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، تاران پێشنیاری پێنجەمین خولی دانوستانەکانی پێدراوە.

بەڵام ڕۆژی سێشەممە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ئاماژەی بەوەدا چاوەڕێی ئەوە نییە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە ئەنجام بگات و وتی کە ئەمریکا هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر بڵێ ڕێگە نادەین ئێران درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بدات.

سەرچاوەیەکی دیکە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنگتۆن کە ئەنجامەکەی لەناوبردنی هەموو ئۆرانیۆمی ئێران نەبێت، ئەگەری هێرشکردن زیاد دەکات.

ترامپ، ئێستا چەندین جار بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە بژاردەی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی باشتر و گونجاو دەزانێ، بەڵام ئەگەر هەوڵە دیپلۆماتیکەکان شکستیان هێنا، ڕوو لە بژاردەی کردەوەی سەربازی دژی ئێران دەکەین.