کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دڵسۆزێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە

11:54 - 31 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، کاک محەممەد عەلی محەممەدی کوڕی سادق، ئەندامی دێرین و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات خەڵکی ئاوایی ئەوێهەنگ سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەدعەلی لە سەرتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لێبڕاوانە شان بە شانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی تەشکیلاتی و گەیاندنی یارمەتی و پێداویستیەکان بە پێشمەرگە بەشداریی چالاکانەی هەبووە.

ناوبراو بەتایبەت لە ساڵی ١٣٦٧ لەگەڵ هاوڕێیانی بە مەبەستی دەربازکردنی پێشمەرگەی برینداری حیزب لە جەرگی شەڕدا گیراوە و زیاتر لە دوو مانگ لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بەڵام سوورتر لە جاران وەفادار بە ڕێبازی حیزب و گەل مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.