کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: حیزبی دێموکرات دەزانێ خەباتی خۆی لەکوێ بکات و لەکوێ بە دوای ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیدا بڕوات

09:20 - 1 جۆزەردان 2725

خالید عەزیزی: حیزبی دێموکرات دەزانێ خەباتی خۆی لەکوێ بکات و لەکوێ بە دوای ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیدا بڕوات

 

ئاماژە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "کوردکاناڵ" لە دیمانەیەکی تایبەت و تەسەلدا لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچە و خوێندنەوە و سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە هەمبەر ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هێنایە بەر باس. "کوردستان" لەبەر گرینگیی ئەم وتووێژەیە پوختەیەکی باشی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

ترامپ سەردانێکی چەند ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد. مەبەست لەو سەردانە چ بوو؟ دیزاینی نوێی ناوچەکە یان گۆڕینی هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین؟

تەبیعەتەن بۆ ترامپ وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا بێگومان هەمووی ئەوانەی تێدا بەستەیە. هەڵبەت ترامپ لە سەحنەی سیاسی ئەمریکادا تایبەتمەندیی خۆیی هەیە لە چۆنیەتیی تەعاموول لەگەڵ ڕووداوەکان، سیاسەتی کەلان، سیاسەتی گچکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵام بێگومان ترامپ تا ئەو جێیەی پێوەندیی بە بەرژەوەندیی ئەمریکاوە هەیە لەو ڕوانگەوە چاو لە مۆعادلاتی نێودەوڵەتی، لە تیجارەت، لە سیاسەت، لە چۆنیەتیی یارگیری و هەمووی ئەوانە دەکات. بۆیە لەو باوەڕەدام ترامپ بە دەستووری کارێکی ئاوا فرەڕەهەند هاتوە و تێدەکۆشێ لەو چوارچێوەدا هەم دەسکەوت بۆ خۆیی وەدەست بێنێ و هەم مەوقعییەتێکی لەبارتر بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست بکات.

ئەدی ئێران لەکوێی سیاسەتی دەرەکی و سەفەرەکەی تڕامپدا جێ دەگرێ؟

ئەمریکایەکان چ دێموکراتەکان و چ کۆماریخوازەکان بە نسیبەت ئێرانەوە جیاوازییەکی زۆریان نەبووە و ئەویش پێداگریی ئەوانە لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری حکوومەتی ئێران، نەک نیزامی سیاسیی ئەو وڵاتە و بە باوەڕی من ترامپیش هەر بە دوای ئەوەدا دەڕوات. ترامپ کۆمەڵێک کارتی بە دەستەوەیە کە گوشار بخاتە سەر ئێران و ئەو گوشارانە ئێران بخاتە بارودۆخ و تەنگانەیەک لەگەڵ ئەمریکا و بە تایبەت لەگەڵ ترامپ ڕێک‌بکەوێ. هۆیەکی ئەوەیە کە تڕامپ سەرۆک‌کۆمارێکە بە دەنگێکی زۆر هاتۆتە سەر کار، سەرۆککۆمارێکە لە ماوەیەکی کەمدا زۆر بابەتی ورووژاندوە کە ئەگەر بۆشی جێبەجێ نەبن بە مانای ئەوەیە بەرانبەر بە ڕووداوەکان بێ‌تەفاوت نیە. دوای هەموو ئەوانە ئابوورییەکی بەهێز و توانای سەربازیی زەبەلاحی هەیە و لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا هیچ پرسێکی ئەمنییەتی بەبێ دەوری ئەمریکا یەکلا نابێتەوە و ئێرانیش باش لەوە تێ‌دەگا. ترامپ هەروەها هەندێک گەمەی ناوچەییشی کردوە و وادیارە ناچێتە ئیسڕائیل و ماوەیەکە باس لەوە هەیە کە دەگەڵ نەتانیاهوو زۆر نێوانیان خۆش نیە. بەڕاستی خۆم پێشبینیم نەدەکرد لە سەردانەکەی بۆ عەڕەبستان چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی تازەی سوورییە بکەوێ. یانی تڕامپ کۆمەڵێک یاری دەکا کە ئەو جووڵە و یارییانە بەشێکن لە پەیام بۆ ئێران. بۆیە پێم وایە ئێران دەخاتە بارودۆخێکەوە کە ناچار بە ڕێککەوتن بێت، چونکی ئێران کارتی زۆری بەدەستەوە نیە و کارتە هەرە گرینگەکەی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی کە دونیای پێ بە بارمتە گرتوە.

 

باسی دیداری تڕامپ لەگەڵ ئەحمەد شەرعت کرد و دوایە زاندرا کە گەمارۆکانیشی لەسەر سووریە لابردوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەمریکا جیاوازتر لە پێشوو و جۆرێکی دیکە لە سووریە دەردەکەوێ؟

بە تێگەیشتنی من دەبێ چاوەڕوان بین بزانین تڕامپ هەموو ئەو بەرنامە بەربڵاو و جۆربەجۆرە لە بواری ئەمنییەتی و ئابووری لە بواری ململانێ لەگەڵ چین و ڕوسیە و ئورووپایەکان چۆنیان پۆلێنبەندی دەکات و دەیانخاتە دەستووری کارەوە. بەڵام لەو باوەڕەدام ترامپ زۆرتر تێدەکۆشێ سیاسەتێک بگرێتە بەر کە ئەمریکا لە بواری ئابوورییەوە دەستی باڵای هەبێت و زۆر تێ‌ناکۆشێ بە ئامرازی سەربازی حزوور و هێزی بەهێزی ئەمریکا بکاتە ئەمری واقع.

پێتان وایە بۆ سەردانی عێڕاقی نەکرد؟

یەکێک لە هۆیەکان ئەوەیە دەبێ لەگەڵ ئێران بە هەندێک لە ئاکامەکان بگات کە ئایا ڕێککەوتنە دەبێ یان جێبەجێ نابێ.  ئەوکات کارناسانی ئەمنییەتیی ئەمریکا و ئەوانەی لە دەورووبەری ترامپن دادەنیشن خەسارناسییەکی وا دەکەن کە ئەگەر لەگەڵ ئێران بە تەوافۆق نەگەن چێ بکەن؟ لەو کاتدا ئەگەری هەیە سەردانی عێراق و تورکیە و ئازەربایجان و ئەو شوێنانەش بکات، یانی ترامپ سەفەرەکانی تابعێک لە بەرنامەکانیەتی، و کەسێکیشە زۆر کارناس و خەڵکی شارەزای لەگەڵە و لەو بوارانەدا حەتمەن بەرچاوڕوونیی بۆ دروست دەکەن.

دانیشتنەکانی نێوان ڕێژیم و ئەمریکا تا ئێرە ئاکامیان نەبووە یان بوویەتی و یەکلا نەبوونەتەوە؟

ئاکامی بۆ هەردووک لا هەبووە. ئەزانی بۆ دەڵێم بۆ هەردووک لا، چونژی دانیشتن دانوستان و سەودایە. هەتا ئێستا ئەو ئاکامەی بووە کە ئێران ناچار بووە وتووێژی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا هەبێ و هەر ئەوە دەسکەوتێکە بۆ ئەمریکا و بۆ خودی ترامپ. بۆ ئێرانیش ئەو دەسکەوتانەی بووە کە ئەمریکا وەک زلهێزێک بۆ چەندوچۆنی ڕێکخستنی پێوەندی و جێخستنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا و داهاتووی خۆی پیویستیی بە ئێران هەیە. جا هەردووک لایان لە ڕوانگەی ئەو سەرکەوتنەی بۆ خۆیانی دایدەنێین دەڕۆنە پێشێ. ترامپ نەیشاردەوە کە وتووێژەکانیان باش دەچێتە پێشێ و ئێرانییەکان سەودایان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئێستا بە باوەڕی من زووە کە بگەنە قۆناغێکی دی و جارێ لە قۆناغی متمانەپێکردن بە یەکتریدان و دروستکردنی ئەو متمانە دوولایەنە لەنێوان ئەمریکا و ئێران هیند بە ئاسانی جێبەجێ نابێت.

ئێران بۆ هەر حەزی لەوەیە دانوستانەکان بە نهێنی بێت؟

هۆیەکەی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی نیزیک بە پەنجا ساڵە دروشمی دژی ئەمریکا دەدات و خامنەیی هەمیشە بە ئەمریکای گوتوە دوژمن و ئەگەر نیو سەعات قسە بکات ڕەنگە هەشت نۆ دە جار وشەی دوژمنی هێنابێتە سەر زار. لەو خانەیەدا ئەگەر وتووێژەکان بە ئاشکرا بێ لە نێوخۆیی وڵاتدا باسی لێ دەکەوێتە کە چۆنە لەگەڵ شەیتانی گەورە ڕاستەوخۆ دادەنیشن. خامنەیی پێشتر بەردەوام گوتوویەتی کە نابێ متمانە بە ئەمریکا بکرێ و بۆیە ئێرانییەکان لەمبارەوە نیگەرانن. بەڵام ئێستا دۆخەکە جۆرێکە کە لەنێو کۆماری ئیسلامیدا خەڵکێکی زۆر هەن کە ڕەخنە لەو نیزامە دەگرن و تەنانەت کەسانێک لەنێو خۆیاندا کە خودی بوون، ئێستا پێیان خۆشە پێوەندییەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئاسایی بێتەوە. ئەوان ئەوەیان پێ باشە. واتە ئەو عەقڵییەتە لەنێو خودی نیزام و لە تارانیش کێشەی لەنێو خۆیاندا دروست کردوە.

دانیشتنەکان سەر بگرن یان نەگرن ئێران چیی لێ دێت؟

لە هەرحاڵدا دەرئەنجامی ئەو دانیشتنانە بۆ ئێران ئاسان ئاسان نیە. ئەگەر سەر بگرێت، بە مانای ئەوەیە کارتی بەرنامە ئەتۆمییەکە لە دەست ئێران دەردێنن، ئەوە یەک. دووهەم، ئەگەر سەر بگرێت بە مانای ئەوەیە ئێران کۆمەڵێک دەروەستی و ئیلتیزامی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بۆ دروست دەبێت کە هەتا ئەو جێگەی پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە ئیدی وەک جاران ناتوانێ سەربەخۆیی جارانی لە مووشەک‌تێگرتن و تەڕاتێن لە ناوچەکەدا هەبێت. سێهەم خاڵ ئەگەر سەر بگرێت، لە پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا ناچارە نەوی بکێشێ و هەموو ئەوانەش شوێنەواریان لەسەر دۆخی کۆماری ئیسلامی دەبێت.

ڕۆڵی ئیسرائیل لە دانیشتنەکانی ئەمریکا و ئێراندا چیە؟

بە باوەڕی من ڕەنگە سازانێک لەنێوان تڕامپ و نەتانیاهوودا هەبێت، ئەوەی دیارە ئەمەیە کە ئەمریکا هەوڵی داوە بە ئیسڕائیل بڵێ خۆی زۆر لەو دانوستانە هەڵنەقورتێنێ بۆ ئەوەی دەستی ئەمریکا لە دانوستانە لەگەڵ ئێران ئاوەڵاتر بێت و ئێران پتر بێنێتە نێو کۆرسی ئیلزامات و دەروەستییەکان و بەو جۆرە ناڕاستەوخۆ ئەمنییەتی ئیسڕائیل تەزمین بکات. من باوەڕم وایە ئەمریکاییەکان پشتی ئیسڕائیل بەر نادەن و لە ئەگەری هەر ساتوسەودایەکدا بێتوو ئەمنییەتی سیاسیی ئیسرائیل بکەویتەوە مەترسییەوە ئەمریکا دیسان بەرگری لەو وڵاتە دەکەنەوە.

ئەگەر دانوستانەکان بە ئاکام بگەن ئیسڕائیل چیی بەسەر دێت و ئەگەر سەر نەگرێت چی ڕوو دەدات؟

ئەگەر ئیسڕائیل زۆرتر باس لەوە دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی ئەمنییەتیی لەسەرە و گرووپە نیابەتییەکانی ئێران هێرشی دەکەنە سەر، ئەگەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر نەمێنێت دیارە کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەمنییەتی ئیسڕائیل دەستەبەر بووە و ئەوە دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورەیە بۆ ئیسرائیل. بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ئەمن پێشبینیی ئەوە ناکەم و لام وایە ئەمریکا هەوڵ دەدات بە جۆرێک مێکانیزمێک بهێڵێتەوە و لەو میکانیزمەدا بە تایبەت شەخسی ترامپ وەک دەسکەوت بێ و بڵێ ئەوەتا من هاتمەوە مەیدان و ئەو کێشەیەشم جێبەجێ کرد. پێشبینیی من ئەوەیە کە ترامپ هەموو هەوڵی ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنە بەسەر ئێراندا بسەپێنێ و بێتوو لەوەدا سەرکەوتوو نەبێ، ڕەنگە کێشەکان بچنە فازێکی دیکەوە کە لە ئێستاوە نامەوێ بچمە نێو وردەکاریی ئەو بابەتە.

ڕێبەریی حیزب چۆن لەو دانوستانە و دەرەنجامەکانی دەڕوانێ و بەرنامەکانی چین؟

هیوادارم لەو دانوستانەدا بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران یەکلا بێتەوە و ببڕێتەوە. چونکی لەهەر شوێنێکی دونیای دەرەوە کە بۆ خۆم حزوورم هەبووە و قسەم کردوە و لاینەکەکانم بینیوە، کە باسی مافی مرۆڤ و مەسەلەی کورد لە ئێران و باسی جووڵانەوەی دێموکراسی و مافخوازانەی خۆمان و باسی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران دەکەم، زۆر زوو دەچنەوە سەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی تاران. ئەوان تێدەکۆشن ئێران بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بناسن بۆیە بە قازانجی ئێمەیە لەسەر قەزیەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بە تەوافۆق بگەن. ئەگەر ئەو کێشەیە لەکۆڵ بێتەوە، هەم ئێمە قسەمان دەبێ و هەم خەڵکی ئێرانیش لە نێوخۆی وڵات لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو نیزامەدا دەستیان ئاوەڵاتر دەبێت و کۆماری ئیسلامی ئەو چەکەی لە دەست دەر دێ کە بەو دنیا و  ناوچەکە و خەڵکی ئێرانیشی بە بارمتە گرتوە.

بەرنامەیەکی دیکەی ئێمە ئەوەیە دەمێکە لەسەر بەدەیڵیک بۆ ئەو نیزامە کار دەکەین، پشوودرێژی و حەوسەلەیەکی زۆرمان بە خەرج داوە و لەگەڵ لایەنەکانی ئێرانی لەگەڵ هەموو لایەک لەگەڵ زۆریان دانیشتووین، بەڵام تا ئێستا بە تەوافق نەگەیشتووین. لە ئەگەری خوڵقانی دۆخی نوێدا وردە وردە دەبێ ڕۆحێک و ڕەنگ و ڕوویەک و نەفەسێکی سیاسی بدەینەوە بەو هەوڵانە کە بە ئاکامیان بگەیەنین. نەتیجەکە ئەوەیە ئاخر باشە ئەو نیزامە بڕووخێ، ئاڵۆگۆڕی بەسەردا بێ، و تووشی پاشەکەشە بێت، کێ جێی دەگرێتەوە؟ خەڵک لە نێوخۆ، وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەو نیگەرانییەیان هەیە. ئیدی ئەو بەشەی دەگەڕێتەوە سەر حیزبە سیاسییەکان کە چۆن لە ئۆپۆزیسیۆن بوون دێنە دەرێ، چونکی ئۆپۆزیسیۆن هونەر نیە و لە ئێران نیزیک بە ٧٠ -٨٠ لەسەدی ئەو خەڵکە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیین. بەڵام بوون بە ئاڵتێرناتیڤ و بەرنامە بۆ جێگرتنەوە ئەسڵە و حیزبی ئێمە دەبێ لەمەو بەدوا زۆرتریش کار لەسەر ئەوە دەکا. دەبێ زیاتر لەسەر فەرهەنگی بە دامەزراوەکردنی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی کار بکەین و دەبێ پانتایی خەبات بۆ هەموو ڕەهەندەکانی وەرزش، ژینگەپارێزی، چالاکییەکانی زمانەوانی، ئەدەبی، فەرهەنگی بگوازینەوە و لە هەموو بوارێکدا بە هانای یەکترەوە بێین و نەهێڵین لە هیچ بوارێکدا پەکمان بکەوێ. کاری ڕێکخراوەیی زۆر زۆر گرینگە و یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەیکە جۆرج تاون نەبوو بە شت، هۆکارەکەی هەر ئەوە بوو کە کۆبوونەوەی چەند سێلێبریتی بوو و ڕێکخراوی لەپشت نەبوو.

بێینە سەر باسی کۆنگرەی ١٢ی پ ک ک و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا. ئایا ئاشتی عینوانێکی دروستە بۆ ئەو پڕۆسەیە؟

پڕۆسەی ئاشتی ڕەنگە لە سەرەتاوە هەر ئەوەندە دروست بێت کە شەڕ ڕادەوەستێ. بەڵام نابێ لەوێدا گیر بکات و لە ڕوانگەی منەوە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کوردە لە تورکیە، بۆ؟ چونکە لەوێدا ئەو باسە لە پاڕلەماندا هاتۆتە گۆڕێ و سەرۆکۆمار قسەی لەسەر دەکا و، باس لە قانوونی ئەساسییەکی نوێ دێتە گۆڕێ و لایەنەکان دەبێ بەپێی هەموو ئەوانە بە دوای ڕێکار و چارەسەردا بڕۆن. لەسەر یەک ئێمە زۆر ناچینە نێو وردەکاری ئەو باسە، بەڵام سیاسەتی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە پێشوازی لە وتووێژ و دانوستانەکان بە مەبەستی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیە دەکەین و هیوادارین پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە بە بەشداریی هەموو لایەک بە ئاکام بگات. ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئەو بۆچوونە لەلای کورد و تورکەوە لە تورکیە نەهادینە بێ و لە ئاستی پارلەمان و لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە ڕەنگ بداتەوە، دەتوانێ دەسکەوتی باشی لێ بکەوێتەوە.

ئێوە هاوسەنگییەک لەو پڕۆسە و ڕێککەوتنەدا دەبینن؟

لە نێوان هێزێکی چەکدار و نەتەوەیەکی ژێردەست کە لەگەڵ دەوڵەتێکی بە دەسەڵات لە شەڕ و کێشەدایە، نابێ هەمیشە چاوەڕوانی باڵانس بی و ئۆسوولەن ئەگەر باڵانسەکە بەرابەر بێت بە ڕاحەتی ئەو کێشەیە چارەسەر نابێت. ئەمن پێم‌وایە دەبێ ئاوا چاو لێ بکەین کە لە بەردەوامیی خۆیدا لایەنە سیاسییە غیرە کوردەکان لە تورکیە چەندە بە دوای بەڵێن و دەروەستییەکانی خۆیاندا دەڕۆن. دەبێ سیاسەتی کورد بەگشتی لەوێ ئەوە بێت کە ئەو کۆسپانەی دێنە پێشیان نەبنە هۆکار کە بە ئاسانی پڕۆسەکەی پێ ڕابگرن یان پەکی بخەن. هۆیەکەشی ئەوەیە ڕەنگە شەڕ و شۆڕش و خەباتی چەکداری ئاسان بێ، بەڵام موزاکرە و شەڕی قانوونی و شەڕی سیاسی و کێشەی پاڕلەمانی و وڵامدانەوە بە کۆمەڵێک چاوەڕوانیی خەڵک بە کورد و تورکەوە پشوودرێژی و بەردەوامیی دەوێ. لەوێدا دەردەکەوێ کە کورد لەو مەیدانەدا چەندە دەتوانێ بە باش بچێتە پێشێ.

پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیە دەتوانێ چە پەیامێکی بۆ خۆرهەڵاتی نیشتمان هەبێت؟

چەندوچۆنی ڕەوتی چارەسەری پرسی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان دەتوانێ پەیامی بۆ پارچەکانی دیکەش تێدا بێت. یەکەم ئەوەی لە عێراق هاتەگۆڕێ و پرسی کورد لێرە لە چوارچێوەی فیدرالیزمدا چارەسەر کرا و لە یاسای بنەڕەتیی عێڕاقدا جێگیر بووە. یان لە سووریە بە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، دیتمان کە بە جۆرێک مەسەلەی کورد هاتۆتە نێو هاوکێشەکان و بە خۆشییەوە کوردەکانی سووریە تێدەکۆشن لەو بوارەدا بێ تەفاوەت نەبن و لەگەڵی بڕۆن؛ جا ئەگەر وایە ئەوەش پەیامێکە کە دەکرێ پرسی کورد لە هەر کام لەو وڵاتانە بێتە گۆرێ و چارەسەری خۆی هەبێ. دۆخی کورد ئێستا بە جۆرێکە کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە هیچ کام لەو وڵاتانەی کوردی تێدا، چیدیکە کەس ناتوانێ حاشا لە پرسی کورد بکا. ئەگەر وایە کورد بەشێکە لە چارەسەری و دەرفەتێکیشە بۆ جێخستنی دێموکراسی لەو وڵاتانە. لایەنێکی دیکەش ئەوەیە کە لە هیچ کام لەو وڵاتانە ناکرێ تازە بە شێوەی پێشوو ئەو چەوسانەوەیە لەسەر کورد هەبێ و بیانەوێ هەموو شتێک لەسەر کورد تاقی بکەنەوە. فاکتۆرێکی دیکەش ئەوەیە کە ڕەوشی تورکیە دەتوانێ پەیامێک بە خەڵک لە ئێران بدا کە حیزبی دێموکرات لە ٨٠ ساڵ تەمەنی خۆیدا بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد زۆری خەبات کردوە و زۆری تێچوو داوە و کەسایەتیی گەورەی وەک د. قاسملوو گیانی خۆی لەسەر باوەڕ بەو مێتۆدە دانا. بۆیە دەبێ لە تاران غیرە کوردەکان بەو ئاکامە گەیشتبن کە هەتا کەی کێشەی کورد هەر ئاوا بمێنێتەوە و، بۆ لە وڵاتەکانی دیکە چارەسەر دەبێ و بۆ لە ئێران چارەسەر نابێت. ئێمە لێرەدا دەبێ ڕوومان لە خەڵکانێکی زۆر بەتایبەت لە شارە گەورەکان و پایتەخت کە لەو حکوومەتە ناڕازین و بە بۆنەی جۆراوجۆر هاوخەمی لەگەڵ کورد و پرسەکەی دەردەبڕن، هەموو ئەوانە هانیان بدەین کە پتر ئەو مەوزووعاتە بێننە گۆڕێ. ئەوە دەتوانێ پارامێترێکی باش بێ و هەم ئێمە کاری لەسەر بکەین و هەم بە تایبەت لە نێوخۆی وڵات کاری لەسەر بکەن و هەم لە تاران خەڵكی کورد کە دۆست و ئاشنایان هەیە بە دوایدا بچن.

لە دۆخی ئێستادا حیزبی دێموکرات چۆن سەیری ڕێککەوتنە ئەمنییەتییەکەی ئێران و عێڕاق دەکات؟

ئێمە هەر لە زووەوە گوتوومانە ئەو ڕێککەوتنەی تاران و بەغدا دوو خاڵی سەرەکیی تێدایە. خاڵێکیان تاران ڕەسمەن داوای لە حکوومەتی عێراق کردوە کە حیزبی  دێموکراتی کوردستانی ئێران لەنێوخۆی وڵات عەمەلیاتی نیزامی نەکات. لە دەرەوەی ئەو داوایەی ئێران ئێمە خۆمان دەمێکە ئەو شێوە لە خەباتەمان ڕاگرتوە و بەتایبەتیتر و گوتوومانە کە لە کوردستانی عێراق و خاکی عێراقەوە هێزی پێشمەرگە بۆ عەمەلیاتی نیزامی نانێرینەوە. خاڵی دووهەم پێوەندیی بە چەندوچۆنیی حزووری حیزبی دێموکرات و سەرکردایەتی حیزبی و بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە زۆربەی زۆری خەڵک و بنەماڵە و رێکخراوەی مەدەنی و خوێندنگە و دەرمانگا و هەروەها پیر و بەساڵاچووەکانی حیزب تێیدا حاواونەوە. لەو پێوەندییەشدا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبی دێموکرات لەسەر خەت بوون و بە خۆشییەوە لێک‌تێگەیشتنی تەواو لەنێوان ئێمەدا هەیە. مەسەلەکە ئەوەیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێدەکۆشێ لەو هاوکێشەیەدا نەبێتە هۆکاری گرژی و نائەمنی. بۆیە جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە مەیدان و شوێنی خەباتی حیزبی دێموکرات عیڕاق نیە و نێوخۆی کوردستانی ئێرانە و ئەوەش بە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنیی کورد لە ئێراندا دیارە. ئەوەی لە بزووتنەوەی ژیندا بە تۆخی ڕەنگی دایەوە و لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا پەیامەکانی دووپات کردەوە. بۆیە حیزبی دێموکرات دەزانێ خەباتی خۆی لەکوێ بکات و لەکوێ بە دوای ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیدا خۆیدا بڕوات.

ئایا ئەو گوشارانەی لەسەر لایەنەکانی دیکە بۆ گواستنەوەیان هەبوو، بۆ سەر حیزبی دێموکراتیش بووە؟

پێشووش ئاماژەم پێ داوە دۆخ و مەوقعییەتی حیزبی دێموکرات پێوەندیی بە خودی حیزبی دێموکراتەوە هەیە و، لایەنەکانی دیکەش پێوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. ئێمە دەست لە کاروبار و چەندوچۆنی پێوەندییەکانی لایەنەکانی دیکە وەرنادەین، بەڵام بێگومان گوشار لەسەر حیزبی دێموکراتیش بووە. بەڵام ئێمە ئەو سیاسەتەمان هەڵبژارد کە خۆمان تووشی دوژمنایەتی لەگەڵ عێراق نەکەین و خۆمان نەخەینە نێو کێشە لەگەڵ حکوومەتی هەرێـمی کوردستانیش. بۆیە هەوڵمان دا بە دیالۆگ و گفتگۆ و لێکحاڵیبوون بەتایبەت کە لەو قۆناغەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە نێوانماندا بوون، وتووێژی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر ناساندنی خۆمان و دۆخەکەمان هەبێ و بەوەش ئەم دۆخەی ئێستا دروست بووە کە هەتا ئێستا ئاکامی بووە.

لەو هەلومەرجەدا چۆن لە سیاسەتی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەڕوانن؟

ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەری پرسی کورد ڕوونە. پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆی لەگەڵ حکوومەتی تاران نەبەست، بە دوای ئینقلابی ٥٧ هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد لەگەڵ تاران کەوتە وتووێژ، بە تایبەت دوکتور قاسملوو کە وتەبێژی بوو هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەیکە بە ڕێککەوتن بگەین. د. قاسملوو قسەیەکی زۆر جوانی هەیە و هەر ئەوکات گوتی ئەگەر ڕۆژێک شەڕ و هێرش بۆ سەر کوردستان دوا بکەوێ بکەوێ، ئێمە دەبێ هەوڵ بۆ ئەوە بدەین. دوای ئەو قۆناغەش ئەو پڕەنسیپە لەنێو حیزبی دێموکراتدا مایەوە و، لەو پێناوەدا بەداخەوەدوکتور قاسملووشمان لە دەست دا. ئێمە ئێستاش پێمان وایە باشترین چارەسەری پرسی کورد لە ئێران دانوستان و گفتوگۆیە. ئەوە کە ئەو نیزامە ماهییەتەکەی ئەوە هەڵناگرێ و کارنامەکەی لە کوردستان و لە دژی ئێمە چۆن بووە و کوردستانی چۆن کردووەتە زۆنی ئەمنییەتی؛ ئەوانە نابێ ببنە هۆی ئەوەی ئێمە ئەو چەکە وا بە ئاسانی لە دەست خۆمانی دەربێنین کە حیزبی دێموکرات ئەگەر ڕۆژێک فەزایەکی بۆ هەڵکەوت و مەجالێک هاتە گۆڕێ و پێشنیارێکی پێ درا، بڵێ نا ئەمن وتووێژ ناکەم. وتووێژ بۆ دەکرێ؟ تۆ ئەگەر لەگەڵ لایەنێک لەکێشە دای وتووێژی بۆیە دەکەی کێشەکە چارەسەر بکەی. جا بۆیە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژەکان کۆماری ئیسلامی بە تەرح و بەرنامە پێشنیار بە حیزبی دێموکرات بکات، ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادەین گوێی بدەینە. بۆچی گوێی دەدەینێ؟ بۆچی سەری خۆمان دێشێنین؟ بۆچی وتووێژ دەکەین؟ بۆ ئەوەیکە دەرفەتێک دروست بکەین کە ئەگەر لەوێدا ڕێگاچارەیەک هەبوو بیقۆزینەوە. بۆ ئەوەیکە نەک هەر بە خەڵکی خۆمان کە باش کۆماری ئیسلامی دەناسن، بەڵکوو بە ئێرانییە غیرە کوردەکان بڵێین ئەوەتا حیزبی دێموکرات بە هەموو خەبات و تێکۆشانی کە لە کوردستانی ئێراندا ڕۆڵێکی زۆری هەیە، هەوڵ دەدا لە ڕێگای وتووێژەوە ئەو پرسە چارەسەر بکات. بۆیە وتووێژ و دانوستان ئەسڵێکە لە سیاسەتدا و ئێمە نابێ ترسمان هەبێ و نابێ بە شەرمەوە باسی بکەین و نابێ لەبەری هەڵین. ئیدی ئەو نیزامە ماهییەتی چیە و ئایا دێتە پێشێ یان نا شتێکی دیکەیە. ئەو خەبەر لە ئێمە دەنێرێ، قسەکانی خۆیی دێنێ، ئێمە گوێی دەدەینێ و ئەگەر زانیمان مێتۆدەکانیان هەر شێوەی جارانە و هیچی تێدا نیە، تەبیعەتەن خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە جێی خۆی‌دایە و دەچێتە پێشێ. لەو چەند ساڵەشدا هەروا بووە و چەند جار دانیشتمان لەگەڵیان بووە و ئەو دانیشتنانە هیچی نەبووەتە هۆی ئەوە ئێمە خەبات و تێکۆشانی و چالاکی خۆمان ڕابگرین، بەپێچەوانەوە خەباتی ئێمە زۆرتر و بەردەوام تریش بووە.

ئەدی بەم نیزیکانە دانیشتنتان بووە، یا داوای دانیشتن کراوە؟

بەم نیزیکانە هیچ دانیشتنێکمان لەگەڵیان نەبووە و، هیچ داوایەکیشیان لێ نەکردووین. دیارە سەیر نیە ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر پەیام بنێرن و ئەو پەیامانە دێن؛ بەڵام ئەو پەیامانە لە ڕوانگەی ئێمەوە تا ئەو لەحزیە هیچیان جیددی و شایەنی بایەخپێدان نەبوون.

کاک خالید جەنابت زۆر باس لە پێویستیی بە جەماوەریکردنی خەبات دەکەی. بە ڕوونی مەبەستتان چیە؟

بڕوانە، ئێمە لەو چەند ساڵەدا چەندین جار مووشەکباران کراین. یان دوورتر باس بکەم کە سەدان کادریان لێ تێرۆر کردین، دوکتور قاسملوویان تێرۆر کرد، دوکتور شەڕەفکەندییان تێرۆر کرد؛ بەڵام چەکی ئێمە چی بوو؟ چەکی ئێمە هەر ئەو خەڵکە بوو لەنێوخۆی وڵات. مێژووی بەسەرهاتە ناخۆشەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆماری کوردستانەوە بگرە تا ئێستا کەم حیزب ئەوەی بەسەر هاتوە کە دامەزرێنەری لە سێدارە دەدرێ، ڕێبەری هەڵکەوتووی دوکتور قاسملوو تێرۆر دەکرێ، ڕێبەریی دووهەمی دوکتور سادقی شەڕەفکەندی تێرۆر دەکرێ؛ بەڵام سەرباقی هەموو ئەو کارەساتانە، ئەو حیزبە هەر لە جێگەی خۆی ماوەتەوە و توانیویەتی بەردەوام بچێتە پێشێ. دەی دەبێ ئەوە حیکمەتێکی تێدا بێ و مەسەلەکەش زۆر ئاسانە، ئەویش پشتیوانییەکان لە نێوخۆیی وڵاتە. مەسەلە خەڵکە کە بە پشتیوانیی جەماوەریی خۆیان نەیانهێشتووە ئەو حیزبە  لە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا تەنیا بمێنێتەوە. بۆیە ئێمە خەباتی جەماوەری و بەرینکردنەوەی ئەو خەباتە لە ئاستی کۆمەڵگەدا بە باشترین چەک دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی دەزانین و ئەوەمان لە بزووتنەوەی ژینا و بزووتنەوەی نەورۆزی ئەمساڵیشدا بینی.

وەک دواپرسیار. پرسی کورد لە ئێران لە ئەگەری سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی چی لێ دەێت؟

پرسی کورد پێش کێشەی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران لەو وڵاتەدا هەبووە. ئەو پرسە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەیە و ئەوکاتەی کە حیزبی دێموکرات دامەزراوە و خەباتی بۆ مافەکانی کردوە هێشتا دەوڵەتی ئیسڕائیل دروست نەبووە. هەروەها پرسی کورد پێش پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە گۆڕێدا بووە. بۆیە ئەو دانوستانە سەر بکەوێ و سەرنەکەوێ جووڵانەوەی ئێمە کە جووڵانەوەیەکی مافخوازانەیە، بەردەوام دەچێتە پێشێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە تێدەکۆشین بە هەر لایەکدا بشکێتەوە خۆمان بۆ ئامادە کردبێ و پێویستە لە هاوکێشە ئاڵۆز و پڕ ئەگەرەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خۆمان و خەڵکەکەمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین. ئەمن گەشبینم بە داهاتووی جووڵانەوەی خۆمان و بەو خەبات و تێکۆشانەی کە لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە و هەروەها بە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە تا ئێستا بە بڕوای من واقعبینانە چووەتە پێشێ. ئەم حیزبە توانیویەتی بەو سیاسەتانە خۆی ڕابگرێ و ئێمە وەک حیزب ڕووخسارێکی باشمان لە خۆمان هەم لە ئاستی کوردستان و هەم لە ئاستی ئێران و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشان داوە، بۆیە هەمووی ئەوانە سەرمایەی چاکن کە ئێمە بە خۆشبینی و گەشبینی و بە پشوودرێژییەوە لە خەبات و هەوڵەکانمان بەردەوام بین.