
محەممەدنەزیف قادری: ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە پڕۆژەیەکی نوێ و بە قەوارەیەکی کاریی کاراترەوە دەنواڕێتە پرسی کورد
(ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست مینبەر یان مەکۆیەکە ئێمە دەتوانین گوتاری خۆمانی لێ پێشکەش بکەین و هەوڵ بدەین کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسیی ئەو ڕێکخراوەیە لە مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دابنێین)
ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بۆ پێکهێنانی کۆمیتەی کاری کوردان بە بەشداریی چەند حیزب و لایەنی سیاسی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو. هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگیڕیی حیزبی دێموکرات بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
ئەم حیزب و لایەنە سیاسییانەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون، بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ پارتی یەکیەتیی دێموکرات (PYD)؛ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان؛ پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی یەکسانی و دێموکراتیی گەلان؛ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.
لەم کۆبوونەوەیەدا بە تێکڕا بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیتەی کاری کوردان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەم ڕێکخراوە درا کە بریتی بوون لە:
ـ شانتاڵ کامبیوا: ڕێکخەری جیهانیی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست،
ـ ئیرۆ هاینالۆوما: بەرپرسی کۆمیتەی سیفاک،
ـ پاولینا لامپس: بەرپرسی کۆمیتەی ئێتیک،
ـ هانا جەلول: ئەندام پەرلەمانی ئورووپا- جێگری بەرپرسی پەیوەنییەکانی دەرەوەی ئورووپا.
لە کۆبوونەوەکەدا حیزبە کوردستانییەکان بە کۆدەنگی جەختیان لە ڕاپەڕاندنی کاری پێویست بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد و پەرەپێدان بە پرۆسەی ئاشتی و دێموکراسی و یەکسانی و پارێزگاریکردن لە یەک وتاریی نەتەوەی کورد لە ناو چوارچێوە و کار و پرەنسیپی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست کردەوە. هاوکات بڕیار بۆ برەودان بە مافە سیاسییەکانی گەل و نەتەوەکەمان درا.
لەدوابەشی کاری کۆبوونەوەکەشدا بە تێروتەسەلی لەسەر ڕێنماییەکانی شێوازی کارکردنی کۆمیتەی کوردی گفتوگۆ کرا و بە تێکڕا بابەتەکە پەسەند کرا. لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بۆ دەستنیشانکردنی شوێن و کاتی گونجاو بۆ بەستنی کۆنفرانسی کۆمیتەی کوردی بە زووترین کات کاری جیددی بکرێت.
محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لە بارەی گرینگیی ئەم کۆبوونەوەیە بە "کوردستان"ی گوت: کۆبوونەوەکەی ئینترناسیۆناڵ کە لە سلێمانی گیرا لە چەند لاوە گرینگ بوو. یەکەم دەبینین ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی لە هەلومەرجی هەستیاری سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کۆبوونەوەیەکی گرینگی خۆی دێنێتە سلێمانی و ئەوە پێمان دەڵێ پرسی کورد، پرسێکی ڕۆژەڤی ناوچەیە. پرسی کورد لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، شوناسی نەتەوەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هەروەها بەها مرۆییەکان، هەموو ئەوانە لە ڕوانگەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستەوە بە بایەخەوە چاوی لێ دەکرێ و بە بایەخەوە وەردەگیرێ. بۆیە ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتەکانی خۆی بکا بە نیسبەت پرسی کورد بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دەبێ بە پڕۆژەیەکی نوێ و دەبێ بە قەوارەیەکی کاریی کاراترەوە بنوارێتە پرسی کورد و داخوازییەکانی ئەم نەتەوەیە و لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی بەشەکانی کوردستان لەسەر خەت بن.
بەرپرسی ناوەندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەبارەی پڕۆژە نوێیەکانی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست ڕایگەیاند کە بڕیار ئەوەیە لە نێو ئینترناسیۆنال سۆسیالیستدا پێکهاتەیەک دروست ببێ کە تەعبیر لە نوێنەرایەتی پرسی کورد بکا و بۆ ئەوەش وا ساغ بووینەتەوە کۆمیتەیەک هەبێ بە ناوی کۆمیتەی کاروباری کورد بە بەشداریی حیزبە شوێندانەرەکانی هەر چوار بەشی کوردستان وک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کە خانەخوێ بوو، پارتی دێموکراتی کوردستان، دەم پارتی لە باکوور و پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها هاوڕێیانی کۆمەڵە. بڕیارە ئەم کۆمیتەیە بە بەشداریی نوێنەرانی لایەنەکانی ئەندام و لە چوارچێوەی شوڕایەکی گشتی و سکرتارییەتێک بەردەام لە سەر پرسی کورد و ناساندن و جێخستنی پتری لە بەرنامە و پڕۆژەکانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا کارەکانی بباتە پێشێ.
محەممەدنەزیف قادری لە بارەی ڕەنگدانەوەی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرنامە و ئەجێنداکانی ئەم کۆمیتەیەدا ڕایگەیاند: ئێمە لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەوەمان کردوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی کورد لە ئێران بەتایبەت لە ئێستادا لە باری سیاسی و جەماوەری و پەرەسەندوویی ئەو خەباتەوە گرینگیەکی تایبەتی هەیە و ئەمە لە بایکۆتە سەرانسەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، لە شۆڕشی ژینا و لە کارناڤاڵەکانی نەورۆزیی ئەمساڵیشدا شکۆ و پانتاییەکەی تەواو دەرکەوتوە. هەروەها پێداگریمان کردەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا بووەتە هیوا و هومێدی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی و ئازادیخوازی لە سەرانسەری ئێران و بۆیە لە کۆمیتەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست پێوەندیدار بە پرسی کورد بە تەئکیدەوە دەبێ ئەو بایەخانە و ئەو خەباتە پڕ بەهایە زیاتر سەرنجی بدرێتێ و ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕووی سیاسییەوە بە گوشارخستنە سەر ئێران پشتیوانی لەو خەباتە سیاسی و مەدەنی و ڕەوایەی کورد لە ئێران بکات.
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی کورد لە ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بەرپرسی ناوەندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند ئێمە دەبێ چاوەڕوانیی زۆرمان نەبێ کە ئەو ڕێکخراوەیە نەتوانی وەدیهێنەری ئەو ویستەی ئێمە بێ. ئێمە ئێستا چاوەڕوانییەکانمان لە "ئیس ئای" ئەوەیە زیاتر باس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و پرسە سیاسی، فەرهەنگی، زمانی، و هەروەها ڕەوایی خەباتی مەدەنی و جەماوەریی کورد لە چوارچێوەی نیزامیکی دێموکراتیکدا بەرجەستە بکاتەوە و لە چوارچێوەی بەرنامە و سیاسەتی گشتی خۆیاندا بتوانن یارمەتیدەر بن. بەڵام بە گشتی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست مینبەرێک یان مەکۆیەکە کە ئێمە دەتوانین لەوێ گوتاری خۆمان پێشکەش بکەین و باسی ڕەوایی پرسی کورد و دۆخی وڵاتەکەمان بکەین و هەوڵ بدەین کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسیی ئەوان لە پێوەندی لەگەڵ پێوەندییە دیپڵۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران دابنێین.