
درزە پەرەئەستێنەکان لە کەسپەرستیی خامنەییدا
ئەنتسیتۆی واشینگتۆن- سەعید گۆڵکار و کەسرا ئەربابی
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
تا ئێرە، ڕێبەری گەورەی ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی بە بەروارد کردنەکەی نێوان ناوبراو و عەلی ئیبنی ئەبیتالب، یەکەم ئیمامی ئیسلامی شیعە دڵخۆش بووە. سەیر ئەوەیە، ئەو پێداگرییە لەسەر بێ هەڵەبوونی خامنەیی لەگەڵ ڕەزامەندیی هەنووکەیی ناوبراو لەمەڕ خۆگونجاندنی ستراتێژیک یان سیاسەتی سازانی سیاسی، هەستی متمانە لەنێو لایەنگرە توندئاژۆیەکانی خامنەیی بنکۆڵ دەکات.
عەلی ئیبنی ئەبیتالب (هەروەها وەک ئیمام عەلی ناسراوە)، زاوای حەزرەتی محەممەد، چوارەمین خەلیفەی ئیسلام بوو کە لە نێوان ساڵەکانی ٦٥٦ تا ٦٦١ی زایینی دەسەڵاتدار بوو. لە سەرەتاوە ئیمام عەلی و لایەنگرانی لەوە ناڕازی بوون کە ئەو ناچار بوو لە ماوەی دەسەڵاتداریی سێ خەلیفەی پێش خۆی ڕاوەستێ تا نۆرە بگاتە دەسەڵاتداریی ناوبراو. ئەو ئیدیعایە کە پێغەمبەر ئیمامی عەلیی وەک ڕێبەری کۆمەڵگەی موسڵمانان دوای کۆچی دوایی خۆی دەستنیشان کردبوو، بووە هۆی ناکۆکیی سەرەتایی لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا و ئێستا بناخەی سەرەکیی ئیسلامی شیعە پێکدێنێ.
لە ساڵی ٦٥٧ی زایینی، ناکۆکی لە نێوان عەلی و موعاویە، حاکمی ئومەویی سووریە سەری هەڵدا. موعاویە کە خۆی لە داننان بە خەلافەتی عەلی بواردبوو، دواتر عەلیی تاوانبار کرد کە لە هێنانی بکوژانی خەلیفەی سێهەمی ئۆممەتی موسڵمانان، عوسمان، بۆ بەر دەم دادگە کەمتەرخەمی کردوە. کاتێک عەلی ڕەزامەندیی لەسەر نێوبژیوانی لە نێوان خۆی و ڕکابەرەکەی دەربڕێ، بەشێک لە لایەنگرە توندئاژۆکانی، کە دواتر بە "خەواریج" ناویان دەر کرد، دوای ڕێککەوتنی عەلی لەگەڵ موعاویە، دژی وەستانەوە و ئەو بڕیارەیان وەک خیانەت بە ئەوەی لە ڕوانگەی ئەوانەوە پرەنسیپە پاکەکانی ئیسلام بوون، سەیر کرد. لە کۆتاییدا، یەکێک لە ئەندامانی ئەو تاقمە (عەبدولڕەحمان ئیبنی مولجەم) لە ٦٦١ی زایینی عەلیی کوشت، چونکە پێی وابوو لەسەر دادپەروەریی خوداوەندی سازشی کردوە.
با خێرا بگەینە ئەمڕۆ. عەلی خامنەیی، ڕێبەری گەورەی ڕێژیمی ئێران کە خۆی وەک ڕێبەری ڕەوای دنیای ئیسلام سەیر دەکات، زیاتر لە چوار دەیە بۆ ناساندنی خۆی وەک هاوتەریبێکی سەردەمیانەی ئیمام عەلی، بە سەرکەوتنی پەرەئەستێنەوە لەنێو بەشێک لە ئێرانییەکاندا، هەوڵی داوە. دامودەزگای پرۆپاگاندای خامنەیی ئیدیعا دەکات کە ناوبراو هەموو تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتداریی ئیسلامیی عەلیی هەیە، لە نێویاندا دەسەڵاتدارییەکەی بە سەر کۆماری ئیسلامیدا.
بە هەمان شێوە خامنەییش ئەو پەیامەی لەنێو هێزە چەکدارەکان، لە نێویاندا بە دامەزراندنی نەریتی گشتیی سەربازیی ئێران، بە نێو دۆکترینی عەلەویی عەلی چەسپاندوە کە ڕەوایی بە شەڕ لەگەڵ موسڵمانانی دیکە دەدا کە وەک لادەر لە "ئیسلامی ڕاستەقینە" سەیر دەکرێن. بەگوێرەی نەریت، ڕیبەری گەورە خۆی لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە پرۆپاگاندای سوپای پاسداران، هێزی میلیشیای ئایدیۆلۆژیکی خامنەیی، بە ئاشکرا ئەوی لەگەڵ یەکەم ئیمامی شیعە بەراورد دەکات. هەروەها، ڕێبەری گەورە پێشوازیی لە هاوتەریب دانانی ناوبراو لەگەڵ ئیمامی عەلی لە لایەن لایەنگرانیەوە کردوە، سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینی بەشێک لە تاقمە ئایینییەکان، کە ئەو کارە بە کوفر و نائیسلامی دادەنێن.
ئەو پێداگرییە لە ٢٠١٠ بەولاوە گەیشتە ئەوپەڕی خۆی، کاتێک خامنەیی کەسپەرستییەکی دامەزراند کە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دروست ببوو کە ئەو، هەر وەک ئیمام عەلی، بە ئاشکرا بێ هەڵەیە. بەشێک لە لایەنگرانی ئیدیعایان کردوە کە خامنەیی گەیشتووەتە ئاستی "بێ هەڵەیی"- بە واتایەکی دیکە، لەبەر پشتگیریی یەزدانی، ئەو ناتوانی هەڵە بکات، پلەیەک کە گوایە بە هۆی ئیماندارییە تاقانەکەی و تایبەتمەندییە ئایینییەکەی مسۆگەری کردوە. هەمدیس، ئەو بیرۆکەیە لە لایەن زۆربەی زانایانی شیعەوە بە کوفر حیساب کرا و ڕەت کرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدیعاکە بووە هۆی هاتنە ئارای پەرگالێک کە لەو کاتی بەدواوە سەرجەم هێزە سەربازییەکانی ئێران بە فەرمی بە خامنەییان گوت "ئیمام"، نازناوێکی پیرۆز کە لەنێو ئیسلامی شیعەدا تەنیا بۆ دوازدە نەوەی شیعەی حەزرەتی محەممەد تەرخان کراوە.
لە کاتێکدا کە زۆربەی ئێرانییەکان ئەو وەسفکردنە ڕەت دەکەنەوە، تاقمێکی بچووک بەڵام توندڕەوی ڕێژیم، لە نێویاندا سوپای پاسداران، پێشوازییان لەو بڕوایە کردوە. ئەوانەی دوای ئەو کەسپەرەستییە کەوتوون خامنەیی وەک دڕێژەی نیمچە خودایی و بێ هەڵەیی ئیمامەکانی شیعە سەیر دەکەن، وەک لەو دەستەواژانەی کاتی باسکردن لە خامنەیی و هاوکارە نزیکەکانی دەر دەکەوێ. ئەو توندئاژۆیانە نە تەنیا دەستیان بە ئاماژەکردن بە سەرۆکی کوژراوی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی، وەک "مالیک ئەشتەری عەلی" (فەرماندەیەکی سەربازیی ڕێزدار و یەکێک لە وەفادارترین یاریدەدەرانی ئیمام عەلی)، بەڵکوو مەلاکانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانەوە تەنانەت ئیدیعایان کرد کە کاتێک خامنەیی لە دایک بووە، یەکەم وشەی "یا ئیمام عەلی" بووە.
ئەو کەسپەرستییە هەروەها لە کاتی جەنگی خامنەیی لەگەڵ ئیسڕائیل و خولیاکەی بۆ لەنێوبردنی دەوڵەتی جوولەکە لەگەڵ شەڕی مێژوویی خەیبەر لە ساڵی ٦٢٨ی زایینی، کاتێک ئیمامی عەلی قەڵای خەیبەری جوولەکانی وێران کرد و دواتر دانیشتووانی جوولەکەی مەدینەی کوشت، بەراورد دەکەن. لە پرۆپاگاندای سوپای پاسداراندا بە ئاشکرا گوتراوە کە "شمشێری عەلی جارێکی دیکە بە سەر خەیبەردا سەر دەکەوێ." لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو باوەڕە و چاوەڕوانیی بێ هەڵەبوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە شێوەی پەرەئەستێن لە لایەن ڕاستییە ژیۆپۆلیتیکییەکان تووشی ئالنگاریی بووە. لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە یەک لە دوای یەکە هەڵەکان و بادانەوەکانی ئایەتوڵڵا بوونە هۆی درزکەوتن لەو کەسپەرستییە و بڕوای توندئاژۆکان کە مورادەکەیان بە هۆی پەیوەندییەکی خودایی تایبەتەوە لە هەڵە بەدوور دەانن، بەردەوام تووشی ئالنگاریی دەبێتەوە.
ئەو درزانە لەنێو تاقمی بنئاژۆخوازی خامنەییدا دوای ئەو ڕووداوانەی کە وەک ژمارەیەک خیانەتی ئایدۆلۆژیکی دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر دژی ئیسڕائیڵ سەیر دەکرێن، بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵتر بوونەوە. لەنێو ئەو ڕووداوانەدا دەتوانین ئاماژە بە شکستی پێشگرتن بە کوژرانی ڕێبەرانی حیزبوڵڵا و حەماس، لەکیس چوونی سووریە بۆ ئیسلامیستە سوننییەکان و چرای سەوزی خامنەیی بۆ سەرکەوتنی مەسعوود پزشکیانی بەناو ڕێفورمخواز بە سەر سەعید جەلیلیی بنئاژۆخواز بکەین کە توندڕەوەکان وەک خیانەتێکی مەزن سەیری دەکەن.
بەڵام ئەوە دوایین خیانەتی ئایدیۆلۆژیکییە کە سەلمێندراوە مەزنترین هۆی سەرهەڵدانی گرژییەکان بووە. پاش دوو مانگ ڕە کردنەوەی دانووستان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان، هەواڵی وتووێژی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ترامپ، کە توندڕەوەکان وەک بکوژی مەسیحەکەیان، سولەیمانی سەیری دەکەن، بووتە هۆی شکستێکی مەزن لەنێو ئەو لایەنگرانەدا. دوای ئیدانەکردنی فەرمیی دانووستان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و وەسف کردنی ئەو کارە وەک کردەوەیەکی "نائاقڵانە، ناژیرانە و ناشەڕافەتمەندانە،" قبووڵکردنی دانووستان لەگەڵ ترامپ لە لایەن خامنەییەوە پاشگەزبوونەوەکانی بۆ هەموو لایەک دەر کەوتوە.
لە وەڵامدا، ئەندامانی بناژۆخواز پەنایان بۆ سۆسیال مێدیا بردوە و بە تووڕەییەوە نووسیویانە کە خامنەیی دوای بەڵینی دانی بەردەوامی ئەستاندنەوەی "تۆڵەی سەختی" سولەیمانی لە سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، بە پەسەندکردنی دانووستان، خوێنی سولەیمانیی "پێشێل" کردوە. وەک سەعید قاسمی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و یەکێک لە توندڕەوترین ڕێبەرانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران، لەو دواییانەدا گوتی: "کێ بیری لەوە دەکردەوە کە ئەو ڕێژیمە خوێنی ژەنڕاڵ پێشێل بکات و لەگەڵ بکوژی سولەیمانی دانووستان بکات." تووڕەیی کەسپەرستە بناژۆخوازەکان لە دانووستانی خامنەیی لەگەڵ دوژمنی لەمێژینەی ڕێژیم، وێکچوونێکی مێژوویی لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانە هەیە کە ئیمامی عەلی لە کاتی سازان لەگەڵ موعاویە بەرەوڕووی بووەوە.
خامنەیی کە لەوە ئاگادارە، لە هەوڵێکدا بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی لایەنگرە بناژۆخوازەکانی، لە ٢٤ی ئاپریل وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد کە لەویدا وتووێژی ڕێژیمەکەی لەگەڵ ترامپ لەگەڵ دانووستانی ئیمامی حەسەن لەگەڵ دوژمنە لەمێژینەکەی موعاویە بەراورد کرد. خامنەیی گوتی ئیمامی حەسەن توانی تووڕەیی لایەنگرانی بەوە دامرکێنێتەوە کە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ موعاویە "کاتییە" و "دواخستنێکی" پێویست بۆ سەرکەوتن بە سەر دوژمندایە. لە کاتێکدا کە ئەو لایەنگرە بناژۆخوازانە تەنانەت ئێستا لەگەڵ کاردانەوەکانی ئەو دانووستانە بۆ سەر جیهانبینییەکەیان کەڵکەڵەیانە، لەوانەیە خامنەیی شاهیدی تێکڕمانی کەسپەرستییەکەی بێ، بێتوو دانووستانەکانی لەگەڵ ترامپ ببێتە هۆی لێک هەڵوەشاندنی بەرنامە ناوکییەکەی. لە کاتێکدا کە ڕەنگبێ بەشێک لە لایەنگرە بنئاژۆخوازەکانی بە خامنەیی وەفادار بمێننەوە و هەوڵ بدەن پاساو بۆ سازانەکەی بدۆزنەوە و دەوڵەتی پزشکیان و زەختی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو ئاکامە تۆمەتبار بکەن، بێهیواییەکی دیکە بە هۆی شتێک کە وەک خیانەتێکی ئایدیۆلۆژیکی سەیر دەکرێ، وێدەچێ ببێتە هۆی ئەوە کە ئەندامە بناژۆخوازەکان پشت لە کەسپەرستیی خامنەیی بکەن و پشتگیریی خۆیان لە ئایەتوڵڵا وەرگرنەوە.
ئەو کەلێنە سیستەمی سەرکوتکەری خامنەیی لاواز دەکات، چونکە ئەو کەسانە دەوری سەرەکی لە بەردەوامیی سیستەمەکەیدا دەگێڕن. لە کاتێکدا کە وێدەچی خامنەیی دامودەزگایەکی گشتگری بۆ پارێزگاریی لە خۆی و بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی دروست کردبێ، ئەو دامودەزگایە لە مێشک شۆرودراوترین و توندئاژۆترین باوەڕمەندانی کەسپەرستییەکەی پێک هاتوون و لەبەر ئەو هۆیە زۆر وێدەچێ لە خیانەت بەو بۆچوونە دڵڕەنجاو بن. بە واتایەکی دیکە، چیدیکە پێشبینینەکراو نیە بڕوامەندانی دەوری خامنەیی پشتی تێ بکەن، هەر وەکوو چۆن لایەنگرە توندڕەوەکانی ئیمامی عەلی ئەو کارەیان کرد.
لەبەر چۆنیەتیی بە تاکەکەسی کردنی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی لە لایەن خامنەییەوە و بنکۆڵکردنی سەربەخۆیی دامەزراوەکانی رێژیم، ئەو لە هەلومەرجێکی فرە ناسک دایە تا لە لایەن ئەو کەسانەی سەردەمێک وفادارترین لایەنگرەکانی بوون بە دووڕوویی تاوانبار بکرێ، کە ئەوەش بناخەی کۆماری ئیسلامی هێندەی دیکە دێنێتە لەرزین.
بەبێ لەبەر چاو گرتنی ئاکامی دانووستان لەگەڵ ترامپ، ڕەنگبێ خامنەیی هەر ئێستا دۆڕاو بێ. رێککەوتنی ئایەتوڵڵا لەگەڵ بکوژی سولەیمانی وێدەچێ کەسپەرستییەکەی پارچە پارچە بکات و تاکە میراتەکەی، واتە ماکەی دژە ئەمریکا بوون، لە بەر چاوی ئیسلامیستەکان و دژە ئیمپریالیستەکانی سەرانسەری دنیا، لەنێو بەرێ.