کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن کەرەستە تایبەتەکانی بیناسازیی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی ئێرانەوە

11:20 - 1 جۆزەردان 2725

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەمەودوا هەر تاکێک یان دامەزراوەیەک کە هێندێک کەرەستەی تایبەتی بیناسازی بۆ ئێران دابین بکات، تووشی گەمارۆکانی ئەمریکا دەبێتەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەوڵەتی ترامپ کەڵکوەرگرتن لەم ماددانە لە بەرنامە ناوکی و مووشەکی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە مومکین زانی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ بڵاوی کردەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کەرتی بیناسازیی ئێران لەژێر دەسەڵاتی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیدایە و لیستی نوێی ١٠ بابەتی ستراتێژیکی خستەڕوو کە ئێستا کەوتوونەتە ژێر گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

ئەم لیستە ماددەکانی وەکوو ئالیاژی نیکل-کرۆمی ئاستنیتی، شمشی منیزیۆم، پرکلۆراتی سۆدیۆم، ئاڵیاژی تەنگستنی مس و هەندێک وەرەق و لوولەی ئالومینیۆم لەخۆ دەگرێت.

واشنگتۆن لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە بەم بڕیارە دەسەڵاتی بەربڵاوتری دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی کەرەستەی ستراتێژیی ئێران لە کەرتی بیناسازی کە لەژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و هەروەها لە بەرنامەکانی پەرەسەندنی چەکی کۆماری ئیسلامیدا بەکار دەهێنرێن.

لە ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی ترامپ گەمارۆی بەربڵاوی بەسەر دامودەزگا و کەرتە ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا سەپاندووە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەو گوشارانە ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە نیزامی و مووشەکییەکانی ئێران و گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی بەرتەسککەرەوەیە .

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕ سەپاندنی کۆمەڵە سزایەکی نوێی بەسەر کەس و دامەزراوەکانی ئێران و چین ڕاگەیاند کە لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەرەکی بۆ بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران ڕۆڵیان هەبووە.