
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی ٢٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو کەسانە بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاویدا، ٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلاب و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەگشتی ئەو سزادراوانە سەرجەم بە ٣٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی داسەپاو و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٤٠ میلیون تمەن سزای نەختی حوکم دراون.
هەروەها بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی"حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو"لە ڕۆژی ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاویدا لە بەندیخانەی ورمێ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە لە سێدارە درا.