
٣٠٩ پارێزەری ناودار، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی لە سەرانسەری جیهان بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران ڕاگەیەندراوێکیان واژۆ کرد و داوای دەستێوەردانی خێرایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
بە ئاماژەدان بە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ بێهرووز ئێحسانی و مێهدی حەسەنی دوو چالاکی سیاسیی زیندانیکراو لە ئێران، شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لە ئێرانی مەحکووم کرد و ئەمەی بە بەشێک لە هەوڵە ئامانجدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی ناڕازیان ناو برد.
واژۆکارانی ئەم ڕاگەیەندراوە پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک زیندانییانی سیاسیی کردوونەتە ئامانج و ئەم پرسە ڕەگ و ڕیشەی لە پرسی پارێزراوبووندا هەیە؛ فەرهەنگێک کە دەرئەنجامی نەبوونی توانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست لێپرسینەوە لە تاوانبارانی ڕابردوودایە، و تا ئێستا نەک هیچ بەرپرسێکی ئێرانی لەسەر ئەو تاوانانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە، بەڵکوو تاوانبارانی سەرەکی پلەیان بەرز کراوەتەوە بۆ پۆستی باڵاتر لە ڕێژیم و دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە ئەمنییەکان.
لەو ڕاگەیەندراودا بە ئاماژە بە فەرمایشی بوونی دادگاییکردنی چالاکانی سیاسییە و نەبوونی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەو دۆسییانەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەیان زیندانیی سیاسی دوای دادگاییکردنی "نادادپەروەرانە" ڕووبەڕووی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
هەروەها جەخت لەسەر چڕبوونەوەی لەسێدارەدانەکان دوای هاتنەسەرکاری مەسعوود پزیشکیان لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا کراوە کە زیاتر لە هەزار لەسێدارەدان لە ئێراندا تۆمار کراوە.
واژۆکارانی ئەم ڕاگەیەندراوە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسانی بەرپرسیار لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەستنیشان بکەن و سزا بدرێن، و لە هەر هەلومەرجێکی باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا پێویستە پێشمەرجی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی لەبەرچاو بگرن.