
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٤، دایە ئاسیە زارعی دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە گوندی نییەر، کۆچی دوایی کرد.
دایە ئاسیە کچی کاک سەعدوڵڵا زارعی خەڵکی گوندی پاڵنگان و هاوسەری خوالێخۆشبوو کاک عەلیموراد مینبەری بوو.
کچێکی دایە ئاسیە بە ناوی ئیحترام مینبەری، لە ڕیزی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە.
شەهید ئیحترام مینبەری ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٦٩ی هەتاویدا و هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی شەهید فەرەجوڵڵا مینبەری، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە سێدارە دران و تەرمەکەیان لە شاری سنە بە خاک سپێردرا.
دایە ئاسیە هەتا دوایین ساتەکانی تەمەنی وەفادار بە ڕێبازی کچە شەهیدەکەی مایەوە.
تەرمی دایە ئاسیە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و لە گوندی نییەر بە خاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.