
بێهزاد غەزەنفەڕیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی پزێشکی دادوەریی پارێزگای سنە، لە وتووێژێک لەگەڵ ئیلنا ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ڕابردوودا ٤٦ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار لەم پارێزگایە گیانیان لەدەست داوە.
بە چاولێکردنێک لە ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەردەکەوێت کە ئامارەکان بە پێچەوانەی ئیدعای بەرپرسانی ڕیژیم نە تەنیا کەمی نەکردووە بەڵکوو بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ١٠٧٧ کرێکار لە ئێران بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەست داوە، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢، ٩٣١ کەس بووە کە بەرزبوونەوەیەکی ١٥.٧ لەسەدی بە خۆیەوە بینیوە.
ئەمە بەم واتایە کە هەموو حەفتەیەک ٥٠ کرێکار لە ئێران تەنیا بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی کار، گیانی خۆیان لەدەست ئەدەن و دۆخی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
قووڵایی کارەساتەکە لە ئامارێکی دیکەی ناوەندی ئاماری ئێران باشتر دەردەکەوێت، بەپێی ئەم ئامارە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا ١٦٢٥ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانی خۆیان لەدەست داوە کە ئەم ئامارە لە ساڵی ١٤٠٢، گەیشتووەتە ٢١١٥ کەس و بەرزبوونەوەیەکی ٣٠ لەسەدیی لە ماوەی ٥ ساڵدا بەخۆیەوە بینیوە.
بەهۆی بەربەستەکان لەلایەن دەوڵەتەوە و بەمەبەستی پێشگرتن بە دەرکەوتنی ئامارە دروستەکان، هیچ ئامارێکی فەرمی و متمانەپێکراو بۆ شەش مانگی دووهەمی ساڵی ١٤٠٣ بوونی نییە، بەڵام بە پێوەرگرتنی ئامارەکانی ساڵانی ڕابردوو دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ڕێژەی قوربانییان لە کۆتایی ئەم ساڵەشدا لە چاو ساڵی ڕابردووی بەرزتر بووەتەوە.
کارناسانی ئەمنییەتی کار، پێشێلکاریی ستانداردە ئەمنییەتی و تەندروستییەکان لە شوێنی کاردا و هەروەها ناکارەمەیی و کۆنبوونی زۆرێک لە کەرەستەکانی کار و ناستانداردبوونیان بە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی کار لە ئێران دەزانن.
دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەمتەرخەمیی خۆیان لەهەمبەر ئەم کارەساتە و هەروەها ئەنجامنەدانی بەدواداچوون بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران لەم بوارەدا، نیشانیان داوە کە گیانی کرێکاران کەمترین بایەخی لەلایەن بەرپرسانی ڕیژیمەوە پێ نادرێت.