
له دوای ته‌قینه‌وه گوماناوییەکەی به‌نده‌ری ڕه‌جاییی به‌نده‌رعه‌باس، سه‌رۆکی گشتیی دادگای ڕێژیم له پارێزگای هورموزگان له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگه‌یاندووه: "هه‌تا ئێستا نزیک به ٧٠ که‌س له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌که‌ی به‌نده‌ری ڕه‌جایی بانگ کراون و لێپێچینه‌وه‌یان لێ کراوه".
موجته‌با قه‌هره‌مانی، سه‌رۆکی گشتیی دادگای ڕێژیم له پارێزگای هورموزگان، ڕۆژی چوارشه‌ممه ٣١ی بانه‌مه‌ڕی ١٤٠٤، وێڕای باسکردن له به‌دواداچوونه‌کان بۆ دۆسییه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وه و زیانه‌کانی وتوویه: "٨٧٠ ماشین خاوه‌ن بیمه و ٥٠٠ ماشینی بێ بیمه زیانی جیددی‌یان پێ گه‌یشتووه".
قه‌هره‌مانی هه‌روه‌ها به ئاماژه‌دان به دۆسییه‌ی یاسایی بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و ڕووداوه و خۆدزینه‌وه له ئاشکراکردنی ڕاستییه‌کان وتوویه‌تی: "تاوانبار و تاوانباره‌کانی ئه‌و ڕووداوه ئه‌رکدارن و ده‌بێت ته‌واوی زیانه‌کان قه‌ره‌بوو بکه‌نه‌وه".
ڕێکه‌وتی ٦ی بانه‌مه‌ڕی ئه‌مساڵ له به‌نده‌ری ڕه‌جاییی به‌نده‌رعه‌باس ته‌قینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره ڕووی دا.
سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی نزیک به مانگێک له‌و ڕووداوه، هه‌تاکوو ئێستا هیچ ناوه‌ند و هه‌واڵده‌رییه‌کی ڕێژیم به فه‌رمی ئاماری ڕاسته‌قینه‌ی کوژراو و بریندارانی ئه‌و ڕووداوه‌ی بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار ئاماژه‌یان به‌وه داوه لەو تەقینەوەیەدا لانیکەم ٧٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون.
هه‌ر له‌و پێوه‌دنییه‌دا پێشتر واشینگتۆن پۆست بە پێداچوونەوە بە سەر نزیک بە سەد گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ئاسمانی، وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵانی ڕووداوەکە و هەروەها ڕاوێژکردن لەگەڵ کارناسانی ماددە کیمیاییەکان، بەم ئاکامە گەیشتبوو کە ڕاگرتنی ماددەیەکی کیمیایی مەترسیدار لە بەندەرەکەدا، کە دواتر بە هۆکارێکی ناڕوونەوە گڕی گرتووە، بووەتە هۆکاری ئەو تەقینەوەیە.