کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: هیواکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە بەرجامێکی دیکە و درێژەدان بە پیتاندنی ئورانیۆم لەنێو چووە

12:47 - 1 جۆزەردان 2725

دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، لە نووسراوەیەکی شیکاریدا، ناڕازیبوونی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییان لە ڕەوتی وتووێژەکان، بە بەردەوامیی هەوڵەکانی تاران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لە داهاتوودا زانیوە.

نووسەرانی ئەم بابەتە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، بە ئاماژەدان بە قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی، نووسیویانە: "کۆتاییدان بە بەرنامەکانی تاران بۆ پیتاندنی ئورانیۆم، پێویستترین هەوڵی مومکین بۆ ڕێگریکردن لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی لە ساکارترین ڕێگەیە".

خامنەیی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بانەمەڕ وتبووی: "ئەمریکا نابێت قسەی بێمانا بکات" و هەروەها داواکارییەکانی دەوڵەتی ترامپ سەبارەت بە کۆتاییدانی تاران بۆ پیتاندنی ئورانیۆمی بە زێدەخوازی لە قەڵەم دابوو.

نووسراوەکە زیادی دەکات کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی درێژە بە کایە دیپلۆماتیکەکانیان ئەدەن، چونکە دەزانن هەر ئەم وتووێژانەیە کە تاکوو ئێستا بووەتە هۆی بەرگری لە بەرنامە ناوکییەکانیان لەهەمبەر هێرشێکی سەربازی و پێشگرتن بە داڕمانی زیاتری بەهای تمەن لەم دۆخەدا.

نووسەرانی ئەم ڕۆژنامە بەناوبانگە لەسەر ئەو بڕوایەن کە هیواکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی لەگەڵ باراک ئۆبامادا، لە نێو چووە.

واڵ ستریت ژۆرناڵ باسی لەوە کردووە کە کۆدەنگییەکی بێوێنە لەسەر دۆسییەی ناوکیی ئێران لەلایەن کۆماریخوازەکانی کۆنگرە و دەوڵەتی ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە کە ئێران چیدیکە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئورانیۆم پیتاندن بکات.

بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا لە دۆناڵد ترامپ تاکوو مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و هەروەها ستیڤێن ویتکاف، نوێنەری تایبەتی ترامپ بۆ وتووێژەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان جار لەسەر ئەم بابەتە جەختیان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە کۆتاییهێنان بە پیتاندنی ئورانیۆم لە ئێران هێڵی سوورە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.

 

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە زیادیان کردووە کە کاردانەوەکانی تاران لەم دۆخەدا دەرخەری ئەوەیە کە ئەم پەیامەیان بە ڕوونی لەلایەن ئەمریکاوە پێ گەیشتووە و لە ئێستادا لە هەوڵدان تاکوو لە ڕێگەی مشتومڕەو ئەم کۆدەنگییە لە ئەمریکا بشکێنن، چونکە کۆماری ئیسلامی بە باشی دەزانێت سیستمە بەرگرییەکانی لاوازە و میلیشیاکانیشی لە ناوچەکەدا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تێک شکاون.

دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە ئاکامدا تاران یان لە پیتاندنی ئورانیۆم چاوپۆشی دەکات و سانتریفیووژەکانی کۆ دەکاتەوە یان بەو بڕوایە دەگات کە هەڕشەکانی ئەمریکا تەنیا لە هاتوهاوارێک زیاتر نییە و پشتڕاستیشیان کردووەتەوە کە ئەگەر ئەم هەڵەیە بکەن دواتر پەشیمان دەبنەوە.