کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلجەدید: کۆماری ئیسلامی میلیۆنان دۆلار لە پارەی ئێران بۆ گۆڕی حەسەن نەسروڵڵا خەرج دەکات

12:20 - 13 بانەمەڕ 2725

تۆڕی میدیایی ئەلجەدید بڵاوی کردەوە، حیزبوڵڵای لوبنان بەنیازە گۆڕێکی گرانبەها بە تێچووی دەیان میلیۆن دۆلار لە پووڵی ئێران بۆ حەسەن نەسروڵڵا دروست بکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، ئێران پێشتر بڕە پارەیەکی زەبەلاحی بۆ پرسەی حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان خەرج کردووە و لە ئێستادا بڕە پارەیەکی دیکە بۆ کڕینی زەوی و دروستکردنی گۆڕەکەی لەلایەن ئێرانەوە دابین کراوە.

تۆڕی ئەلجەدید لەسەر شێوازی هاتنی ئەم پارەیە بۆ لوبنان ڕایگەیاند کە ئەم بڕە پارەیە لە ڕێگەی کەناڵە بانکییەکانەوە دابین نەکراوە، بەڵکوو لە ڕێگەی پارەی ناڕوون و جانتای پڕ لە دۆلاری ئێرانییەکانەوە بە شێوەی قاچاخ دابین کراوە و براوە بۆ لوبنان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلجەدید، تێچووی کڕینی زەوی بۆ گۆڕەکەی حەسەن نەسروڵڵا ٥٠ میلیۆن دۆلارە، و تێچووی دروستکردنی گۆڕەکەشی نزیکەی ٥٠ میلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

هەروەها ئەلجەدید ئاماژەی بەوە دا کە کڕین و فرۆشتنی زەوی و گواستنەوەی پارەکە بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام نەدراوە و پارەکە لە ڕێگەی قاچاخەوە هاتووە و وەزارەتی دارایی لوبنان ئاگاداری ئەوە نەبووە، و کڕینی ئەو زەوییەش تەنها لە ڕێگەی شارەوانیی بورج ئەلبەراجنەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە، لە ژێر کاریگەریی حیزبوڵڵادایە.

ڕەخنەگرانی لوبنانی نیگەرانن لەوەی گواستنەوەی ئەو جۆرە پارەیە بە شێوەی کاش، دوور لە سیستەمی بانکی فەرمی، لە بەر ئەوەی لوبنان بەرەوڕووی مەترسیی سزاکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و FATF دەبێتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر ڕاپۆرت سەبارەت بە گەیاندنی پارەی کاش بە گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە نێویاندا حیزبوڵڵا لە لوبنان بڵاو کراونەتەوە.

هەروەها تۆڕی ئەلجەدید لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گۆڕەکەی حەسەن نەسروڵڵا زۆر نزیکە لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری، ڕەخنەگران لەوەش نیگەرانن کە گۆڕەکەی ببێتە شوێنێکی ئەمنی و ستراتێژیک بۆ گرووپی حیزبوڵڵا.

ئێران لە ساڵانی ڕابردووە هەتا ئێستا بەم شێوەیە ماڵ و سەروەتی خەڵکی ئێران تاڵان دەکات و گرووپەکانی سەر بە خۆی لە هەموو بوارێکەوە بەهێز دەکات.

بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی مەحموود ئەلزهار، ئەندامی باڵای حەماس بە تلویزیۆنی ئەلعالەمی ڕاگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ چەند جانتایەکیان لە تاران لە قاسم سلێمانی، فەرماندەی ئەوکاتی سپای قودسی سپای پاسداران وەرگرتبوو کە ٢٢ میلیۆن دۆلاری تێدا بووە.