
ڕۆژی هەینی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هاوڕێی پێشمەرگە کاک عەلی بایزیدپوور، ناسراو بە عەلی جۆڵا کوڕی مەولوود، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای جێژنیکان- بەحرکە گیانی فیدای خاک و نیشتمان کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
کاک عەلی لە ڕۆژی ٦ی خەرمانانی ١٣٥٠دا لە شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار لە دایک بوو و خوێندنی سەرەتاییشی هەر لە شیناوێ تەواو کرد.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٧دا بوو بە پێشمەرگە و لە چەند دەورەدا لەوانە دەورەی سەرەتایی، بێسیم و فیلمبەرداری و دەورەی تەخریبدا بەشدار بووە.
لە ساڵی ٧٣دا گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و لە ساڵی ١٣٨٧دا پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرتووەتەوە.
ناوبراو لەلایەن ڕێژیمەوە حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.
کاک عەلی دوای ئازادبوونیشی هەتا ساڵی ١٤٠٠ هەر پێوەندی بە حیزبەوە هەبوو. ساڵی ١٤٠٠ ئاشکرا دەبێ و بەناچاری زێد و وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێ و بۆ جارێکی تر پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەبێ.
هەر لە ساڵی ١٤٠٠دا بەشداری دەورەی سیاسی دەکات و پلەی کادری وەدەست دێنێت.
تەرمی کاک عەلی ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەنێو ئاپۆڕای هاوڕێیان و هاوسەنگەریدا، بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە هاوسەر و منداڵەکانی کاک عەلی و هەروەها هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.