کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێهیوایی لە بەئاکامگەیشتن لە وێستگەی پێنجەمی وتووێژەکان؛ نوێنەری ئەمریکا زووتر شوێنی دانیشتنەکەی بەجێ هێشت

10:38 - 3 جۆزەردان 2725

خولی پێنجەمی وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پاش سێ کاتژمێر، لە ژێر سێبەری ئاڵۆزییەکان و بێهیواییدا، ڕۆژی هەینی ٢ی جۆزەردان کۆتایی پێ هات.

وەزارەتی دەرەوەی عومان هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی وتووێژەکان لە ڕۆم، پێتەختی ئیتالیا، باسی لە لاوازیی بەرەوپێشچوونی وتووێژەکە کردووە و هیوای خواستووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە سەر گرفتەکان قسە بکرێت.

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە کۆتایی وتووێژەکەدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا لایەنی ئەمریکایی زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە دەزانێت کە داواکارییەکانی تاران چییە.

عێراقچی زیادی کردووە کە لەم دانیشتنەدا وەزیری دەرەوەی عومان پێشنیارێکی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان دیاری کردووە و بڕیارە کە پێشنیارەکە بە شێوەیەکی کارناسانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە کە وتووێژەکان پێچراوەتر لەوەیە کە بە دوو سێ دانیشتن کۆتایی پێ بێت و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەگەرچی بە قۆناغی چارەسەری نەگەیشتووین، بەڵام بێ‌هیواش نین.

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم خولە لە دانیشتنەکان، ڕۆژنامەی "جەوان"، سەر بە سپای پاسداران، نووسی: "وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا بەپێچەوانەی جارەکانی پێشوو بەرەوپێش نەچووە و چیتر ناکرێت بە گەشبینییەوە چاوی لێ بکرێت".

بە گوێرەی زانیارییەکان ستیڤێن ویتکاف، نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە وتووێژەکاندا، لە دانیشتنەکەی ڕۆم زووتر لە نوێنەری کۆماری ئیسلامی شوێنی دانیشتنەکەی بەجێ هێشتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ویتکاف بەهۆی وتووێژێک لەگەڵ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد)، کەمێک درەنگتر بگاتە شوێنی وتووێژە ناوکییەکان.

بەرپرسی تیمی وتووێژی ئەمریکا لەم دانیشتنانەدا، بۆ ماوەی چل خولەک لەگەڵ دەیڤید بارنیا، بەرپرسی مووساد، قسەی کردووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە پێشبینی دەکرێت کە وتووێژەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام بێت.

باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەردووکیان لەسەر ئەوە پێداگرن کە دەبێت پێش بە کۆماری ئیسلامی بگیردرێت کە بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی دروست نەکات.

گڵۆڵەی وتووێژەکان پاش ئەوەی کە لایەنی ئەمریکایی بە شێوەی ڕاشکاوانە بە تارانی ڕاگەیاند کە پیتاندنی ئورانیووم لە نێو خاکی ئێراندا هێڵێ سوورە، کەوتووەتە لێژییەوە.

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا چەند جار جەختیان کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناچنە ژێر باری ڕاگرتنی گشتیی پیتاندنی ئورانیۆمەوە.