کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی مێرمنداڵێکی بەلووچ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

10:41 - 3 جۆزەردان 2725

بەپێی بەیاننامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی ساڵح بەهرامزێهی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕەوە بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران بێسەروشوێن کراوە.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی هەینی ٢ی جۆزەردان بڵاو کراوەتەوە هاتووە، بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم پاش پشتڕاستکردنەوەی دەسبەسەرکرانی ئەم مێرمنداڵە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە بەلووچستان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی مانەوەی ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکەن.

لێبوردنی نێونەتەوەیی زیادی کردووە کە دەسبەسەرکرانی ساڵح بە شێوەی سەرەڕۆیانە و تەنیا لە پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بووە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە لە ئێستادا ئەم مێرمنداڵە لە ژێر مەترسیی جیددی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی توندوتیژدایە.

ساڵح بەهرامزێهی کوڕی مەولەوی حەبیبولڕەحمان، مامۆستای ئایینیی ناسراوی سوننەمەزهەبی بەلووچستانە.

برا گەورەی ساڵح بە ناوی قاسم، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

هەروەها مامێکی ساڵح بە ناوی ئەیووب بەهرامزێهی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراوە.

بنەماڵەی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان هیچ چالاکییەکی سیاسیی نەبووە و تەنیا بە هۆی ڕابردووی بنەماڵەکەیەوە، لەلایەن ڕێژیمەوە بە ئامانجی دیاریکراو گیراوە.

چالاکوانانی مافی منداڵان دەسبەسەرکرانی "ساڵح"ـیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای بەندی ٣٧ی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵ زانیوە کە ئێران یەکێک لە واژۆکەرانی کۆنواسیۆنەکەیە.

ئەم بەندە پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەسبەسەرکردنی منداڵان وەک کۆتا ڕێگەچارە و لە کەمترین ماوەدا ئەنجام ببێت و منداڵان دەبێت بە زووترین کات لە مافی خۆیان وەک دەسپێڕاگەیشتن بە مافی هەبوونی پارێزەر و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا، ئاگادار بکرێنەوە.

 

ئەمە لەکاتێكدایە کە ساڵح بەهرامزێهی لەکاتی دەسبەسەرکرانیدا لەگەڵ هاوڕێکانی خەریکی کایەکردن بووە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە گرتوویانە و چاویان بەستووە و پاشان خستوویانەتە نێو سندووقی ماشینەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی کردووە کە بە زووترین کات دۆخ و شوێنی مانەوەی ئەم مێرمنداڵە بەلووچە ڕابگەینن و ئازادی بکەن.

بێسەروشوێنکردنی ناڕازییان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە یەکێ لە باوترین ڕێگەکانە بۆ سەرکوتی خەڵک، بەتایبەتی هاووڵاتییانی نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد و بەلووچ.

ئەم ڕەوشتە نایاسایی و نامرۆڤییە دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی ڕفێندراو و هەروەها گوشاری دەروونی بۆ سەر بنەماڵەکەی و یەکێک لە پێشێلکارییە ئاشکراکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی مرۆڤدایە.