کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی بەرپرسانی تاران بەنیسبەت هەر چەشنە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران

11:37 - 3 جۆزەردان 2725

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانە سەبارەت بە خۆئامادەکردنی ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، ئەو ڕاپۆرتانەی بە نیگەرانکەر ناو برد و هۆشداری دا کە تاران ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بە زۆر دەزانێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی جۆزەردان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بەرپرسی شۆرای ئەمنییەت و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندووە کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران "مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر ئاشتی و ئەمنییەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی" و ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانە دەبێ ڕێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا بگرنە بەر.

لەلایەکی دیکەوە محەممەدعەلی نائینی وتەبێژی سپای پاسداران هۆشداری دا و وتی: ''ئەگەر ئیسرائیل گەمژەیی بکات و هێرش بکات، وڵامێکی وێرانکەر و چارەنووسساز وەردەگرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرەتا کاناڵی ''سی ئێن ئێن'' لە زاری سەرچاوە ئەمریکاییەکان و پاشان ماڵپەڕی ''ئاکسیۆس'' لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕاپۆرتی دا کە ئیسرائیل خۆی بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی خێرا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئامادە دەکات و ئەگەر دانوستانەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران شکستی هێنا، ئەوکات ئەگەری هێرش بۆ سەر تاران زۆرتر دەبێتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ''سی ئێن، ئێن، ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتۆن کە ئەنجامەکەی "لەناوبردنی هەموو یۆرانیۆمی ئێران" نەبێت، "ئەگەری هێرشکردن زیاتر دەکات".

لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێندێک هێرش بۆ سەر دامەزارەوی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراون و لە ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووشدا ئیسرائیل سێ شەپۆلی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ناوەندە نیزامییەکانی ئێران ئەنجام دا.